ئەندامێکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە: چانسی بەربژێری پارتی بۆ سەرۆککۆماری عێراق بەهێزترە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
د. محەممەد سامەڕائی، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
د. محەممەد سامەڕائی، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایدەگەیێنێت، ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەون، پەرلەمان دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە. دەشڵێت، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان چانسی بردنەوەی زۆرترە.
 
د. محەممەد سامەڕائی، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە سەردانی شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەولێر و سلێمانی کرد و رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکە ئەوە بوو کورد یەک بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەبێت.
 
سامەڕائی گوتیشی، "ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێکنەکەون، پەرلەمان پرسی سەرۆککۆمار یەکلایی دەکاتەوە. لەو ئەگەرەدا چانسی بەربژێرەکەی پارتی بەهێزترە بۆ بوونە سەرۆککۆمار، بەو پێیەی پارتی خاوەنی زۆرترین دەنگ و براوەی یەکەمی نێو لایەنە کوردییەکانە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران."
 
رۆژی دووشەممە 2ی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە پێشوازی لێکرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردووەتەوە، "سەرۆككۆمار پشكی كوردە و دەبێت میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێندرێت، بۆئەوەی هەموو كەڕەتێك پڕۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت و بەپێی ئەو میكانیزمانە بەربژێری سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت."
 
تەوەرێکی دیکەی قسەکانی د. محەممەد سامەڕائی تایبەت بوو بە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە گوتی، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری کۆتایی داوە و نووری مالیکی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە و پابەندین بەو بڕیارەوە."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ بەربژێرکردنی مالیکی راگەیاندووە و هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییەکانی کردووە، سامەرائی گوتی، "پەیامەکەی ترەمپ تەنیا گوشارە؛ ئەمریکا گرەنتی دەوێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە عێراق."
 
بە گوتەی سامەرائی، دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی دەستبەرداری خۆبەربژێرکردن بووە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوورە لەسەر دانانی نووری مالیکی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە