رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەسدا دۆخی بازاڕی جیهان، نرخی نەوت و پابەندبوون بە ئاستی بەرهەمهێنانەوە تاوتوێ کراوە.
1ـی شوباتی 2026، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق، بە ئۆنلاین بەشداری لە 46ـەمین کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاریی چاودێریی بەرهەمهێنانی ئۆپێک پڵەس کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، د. ساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بابەتەکانی پەیوەست بە بازاڕی نەوتی جیهان، نرخ و ئاستی بەرهەمهێنان کرا و جەخت لە پابەندبوونی وڵاتانی ئەندام کرایەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر زیاد بەرهەمهێنانێک."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا کەمکردنەوەی خۆویستانەی بەرهەمهێنان بۆ مانگی سێی ئەم ساڵ وەک خۆی و بێ گۆڕانکاری جەختی لێکرایەوە، هەروەک پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو."
سەبارەت بە نرخی نەوت، د. ساحب بەزوون گوتی: "نرخ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی هۆکارەکانی خستنەڕوو و خواست و رووداوە جیۆپۆلیتیکییەکان، بۆیە ناتوانرێ پێشبینی بکرێ."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ: "پشکی بەرهەمهێنانی عێراق رۆژانە 4 ملیۆن و 273 هەزار بەرمیلە و لە ئۆپێکدا هیچ پشکێکی تایبەت بە هەناردەکردن نییە، بەڵکو تەنیا ئەوپەڕی بڕی بەرهەمهێنان دیاریکراوە."
کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس لە کاتێکدایە، وڵاتانی هەناردەکاری نەوت هەوڵدەدەن لە رێگەی رێکخستنی ئاستی خستنەڕوو، سەقامگیریی نرخ لە بازاڕەکانی جیهاندا بپارێزن و عێراقیش وەک ئەندامێکی سەرەکی پابەندیی خۆی بە بڕیارەکان دووپاتکردەوە.
ئەو وڵاتانە، کە بریتین لە سعودیە، رووسیا، ئیمارات، کازاخستان، کوێت، عێراق، جەزائیر و عومان، قەبارەی بەرهەمهێنانیان بە بڕی 2.9 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە مانگی نیسانی 2025ـەوە تاوەکو کۆتایی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ زیادکرد، کە دەکاتە نزیکەی 3%ـی خواستی جیهانی.
لە ساڵی 2016 رێکخراوی ئۆپێک لەگەڵ 10 بەرهەمهێنەری دیکەی نەوتی دەرەوەی رێکخراوەکە، بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت، هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی ئۆپێک پڵەس دروستکرد.
عێراق لەدوای سعودیە، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک و رۆژانە نزیکەی 4.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەو بڕەش نزیکەی 3.3 ملیۆنی هەناردە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ