رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق کۆنابێتەوە و دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەش دوادەکەوێت.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 02-03-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم هەفتەیە هیچ خشتەیەکی کۆبوونەوەی پەرلەمان رانەگەیێندراوە. ئەوەش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە حەشدی شەعبی، بۆیە ئەگەر بەرنامەی کاریش دابنرێت بەهۆی بایکۆتی لایەنە شیعەکانەوە رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو نابێت.
لایەنە شیعەکان لەسەر پڕۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی ناتەبان، ئەوەش دانیشتنەکانی پەرلەمانی پەکخستووە.
بەگوتەی چرۆ حەمەشەریف، کە نوێنەری هەڵەبجەیە، ئەگەر هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بکرێت و لایەنەکان رێکبکەون. پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەش دەخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر دەدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە، جەخت لەوەدەکاتەوە، هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ پێش 16ـی ئەم مانگە، کە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە، پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەنگی لەسەر بدرێت.
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە. بۆ دەنگدان بە پرۆژەیاساکە زیاتر لە 120 واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراوەتەوە و دراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
هەروەها لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانیش دەنگی لەسەر پرۆژەکە داوە. لیژنەکە نووسراویشی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی دەنگدان بە پڕۆژەکە بخاتە بەرنامەی کارەوە.
لە رابردوودا پەرلەمانی عێراق، چەندین جار دەنگدان لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی دواخستووە، بەهۆی ئەوەی لایەنە شیعەکان لەسەر پڕۆژەکە ناکۆکن.
ئەو ناکۆکییانەش لە دوو پرسی سەرەکی چڕبوونەتەوە، یەکەمیان پەیوەندیی بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە هەیە کە هێشتا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە خراوەتەڕوو، ئەوەی دیکەش بریتییە لە پرسی تەمەنی خانەنشینیی تایبەت بە فەرماندەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ