رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای پترۆڵی سووریا، گەیشتنی یەکەم کاروانی "نەوتی رەشـی عێراقی" بۆ کۆگەکانی پاڵاوگەی بانیاس راگەیاند، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، کۆمپانیای پترۆڵی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکەم کاروانی تانکەرە نەوتەکانی عێراق لە دەروازەی سنووریی تەنەفەوە گەیشتوونەتە ناو خاکی سووریا و تیمە تەکنیکییەکان دەستیان بە بەتاڵکردنی بارەکان کردووە. بڕیارە ئەم نەوتە لە رێگەی کەشتیی بارهەڵگرەوە لە بەندەرەکانی سووریاوە بەرەو بازاڕە نێودەوڵەتییەکان رەوانە بکرێت.
رۆژی چوارشەممەش وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی رەش بە تانکەر لە رێگەی سووریاوە دەستیپێکردووە. وەزارەتەکە دەڵێ، ئامانج لەم هەنگاوە "پشتگیریکردنی ئابووریی نیشتمانی و دابینکردنی داهاتە بۆ گەنجینەی دەوڵەت،" ئەوەش دوای ئەوەی هەناردەی نەوتی وڵاتەکە بەهۆی جەنگەوە تووشی گرفت بووە.
بەگوێرەی لایەنی عێراقی، حکومەتی سووریا بەڵێنی داوە ئاسایشی تانکەرەکان لەناو خاکی وڵاتەکەیدا بپارێزێت تاوەکو دەگەنە دەروازەکانی هەناردەکردن لەسەر دەریای سپیی نێوەڕاست.
بەهۆی جەنگی سەر ئێران و داخستنی "تەنگەی هورمز،" عێراق ناچار بووە پەنا بۆ رێگەی وشکانی ببات، کە دەیان ساڵە بۆ هەناردەکردنی نەوت بەکاری نەهێناوە.
داخستنی رێگە ئاوییەکان و پڕبوونی کۆگەکانی نەوت وایکردووە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە سەرەکییەکانی باشووری عێراق 80٪ دابەزێت و بگاتە تەنیا 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا پێشتر زۆربەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەری (خۆر زوبێر) لە کەنداوەوە رەوانە دەکرا.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، عێراق گرێبەستی لەگەڵ چوار بازرگان واژۆ کردووە بۆ گواستنەوەی مانگانەی 650 هەزار تۆن نەوتی رەش بۆ سووریا، کە بڕیارە تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەردەوام بێت.
وردەکاریی گرێبەستەکان بەم شێوەیە:
- دوو بازرگان 720 هەزار تۆن نەوتی رەشی خاوەن گۆگردی بەرز لە ماوەی سێ مانگدا دەگوازنەوە.
- بازرگانی سێیەم 401 هەزار تۆن و بازرگانی چوارەم 90 هەزار تۆن دەگوازێتەوە.
- نرخەکان بە داشکاندنی 155 بۆ 170 دۆلار بۆ هەر تۆنێک دیاریکراون، ئەمەش بەهۆی تێچووی زۆری گواستنەوەی وشکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ