شارەزایەکی ئەمنیی عێراقی بۆ رووداو: حیزبوڵڵا رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکەیان بۆ جەرف سەخەر گواستووەتەوە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
مەعد فەیاز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شارەزایەکی ستراتیژیی لە کاروباری ئەمنیی عێراق رایگەیاند، ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییەی رفێنراوە، راستەوخۆ گواستراوەتەوە بۆ ناوچەی "جەرف سەخەر" کە بە بنکەیەکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دادەنرێت و بارەگای گرووپە چەکدارەکانی تێدایە، لە سەروو هەمووشیانەوە کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی.
 
ئەحمەد شەریفی، شارەزای ئەمنی، رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە کە رفێنەرەکان لەگەڵ رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکە بەرەو پارێزگای بابل رۆیشتوون، ئەمەش بێگومان بەو مانایەیە کە بەرەو ناوچەی جەرف سەخەر رۆیشتوون، کە بنکەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران و کەتائیبی حیزبوڵڵای لێیە".
 
ناحیەی جەرف سەخەر نزیکەی 60 کم لە باشووری رۆژئاوای بەغدا و باکووری شاری موسەیب هەڵکەوتووە، رووبەرەکەی 283 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. پێشتر نزیکەی 140 هەزار کەس نیشتەجێی بوون کە زۆربەیان لە هۆزی "جەنابیین"ی سوننە مەزهەب بوون و بە کاری کشتوکاڵەوە خەریک بوون، ناوچەکە دەکەوێتە لای راستی رووباری فورات.
 
پێشتر رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەردا گرتبوو و هەموو دانیشتووانی ناوچەکەی دەرکرد، تاوەکو لە ساڵی 2014 لەلایەن سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە رزگارکرا، پاشان حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەردا گرت و تا ئەمڕۆش رێگری لە گەڕانەوەی خەڵکەکەی دەکەن بۆ سەر ماڵ و زەوییەکانیان، سەرەڕای داواکارییە زۆرەکان بۆ گەڕانەوەیان.
 
سیاسی و چاودێران جەخت دەکەنەوە کە دۆخی شارەکە "تەمومژاوییە" دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان رەتیانکردەوە دانیشتووانەکەی بگەڕێنەوە.
 
ئەحمەد شەریفی، شارەزای ئەمنی روونیکردەوە: "کەتائیبی حیزبوڵڵا بە رفاندنی ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییە، هەوڵی دەستکەوتنی پارە یان گوشار لە واشنتن نادەن، چونکە دەزانن ئیدارەی ئەمریکا بۆ هیچ گوشارێکی لەو شێوەیە ملکەچ ناکات، بەڵکو بێگومان وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی رێگری لە ئەمریکا یان ئیسرائیل بکەن لە بۆردوومانکردنی جەرف سەخەر، کە لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی چەندین هێرشی ئاسمانی بووەتەوە". 
 
هەروەها گوتیشی: "من شێوازی کارکردنی گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەت کەتائیبی حیزبوڵڵا، لە نزیکەوە و بەباشی دەزانم؛ ئەوان دەیانەوێت ئاگر لە جەرف سەخەر دووربخەنەوە کە پێشتر لەبەردەم هەر لایەنێکی ئەمنی یان سیاسیی عێراقی پارێزراو بوو، ئێستاش بەهۆی ئەو گورزە مووشەکییانەی بەریان دەکەوێت هەست بە لاوازی دەکەن".
 
ئەو شارەزایە پێیوایە: "دەبێت ئەمریکا هاووڵاتییە رفێنراوەکەی وەربگرێتەوە، هەرچەندە واشنتن لە راگەیێندراوەکانی دا ئاماژەی بەوە کردبوو کە وەزارەتی دەرەوە هۆشداریی دابووە رۆژنامەڤانەکە لە مانەوەی لە عێراق و لەو کەسەی هاوەڵی بووە کە پەیوەندی بە گرووپێکی چەکدارەوە هەبووە، بەڵام ئەو گوێی بەو هۆشدارییانە نەدابوو".
 
دوێنێ سێشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە رۆژنامەڤانێکی بیانی لە بەغدا لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە رفێنراوە، بەبێ ئەوەی وڵاتینامەکەی ئاشکرا بکات، بەڵام ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری دوو سەرچاوەی پۆلیسی عێراقەوە گواستییەوە کە "رۆژنامەڤانە رفێنراوەکە پاسپۆرتی ئەمریکی پێیە"، هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە ناوی "شیلی کیتڵسۆن"ە و چوار کەس بە جلی مەدەنییەوە رفاندوویانە و بە ئۆتۆمبێل بردوویانە.
 
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێک لە تێوەگلاوەکان دوای راوەدوونانی ئەمنی دەستگیرکراوە، بەڵام شوێنی رفاندنەکەی دیاری نەکردووە. لە راگەێندراوەکەدا هاتووە: "دەستبەجێ هێزە ئەمنییە پسپۆڕەکان دەستیان بە ئەرکەکانیان کرد بۆ راوەدوونانی تاوانباران، بەپشت بەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی رێڕەوی رفێنەرەکان".
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنەکانی بەدواداچوون بوونە هۆی گەمارۆدانی ئۆتۆمبێلێکی رفێنەرەکان، کە لە کاتی هەوڵی هەڵاتندا وەرگەڕاوە و هێزە ئەمنییەکان توانیویانە یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن و دەست بەسەر یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەدا بگرن کە لە تاوانەکەدا بەکارهاتووە". وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە "هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تێوەگلاوەکانی دیکە و ئازادکردنی رفێنراوەکە بەردەوامن".
 
سەبارەت بەوەی بۆچی حکومەتی عێراق ناتوانێت بەدوای رفێنەرەکاندا بچێت دوای دەستگیرکردنی یەکێکیان، ئەحمەد شەریفی گوتی: "حکومەتی عێراق بێگومان شوێنی رۆژنامەڤانە رفێنراوەکە دەزانێت، بەڵام ناتوانێت لەگەڵ کەتائیبەکان رووبەڕوو ببێتەوە، هەروەها کەس ناتوانێت بگاتە جەرف سەخەر، ئەمەش شتێکی زانراوە".
 
دیلان جۆنسۆن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی، رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئاگاداری راپۆرتەکانی رفاندنی ڕۆژنامەڤانێکی ئەمریکییە لە بەغدا و پێشتریش هۆشدارییان پێدابوو. گوتیشی، دەسەڵاتدارانی عێراق کەسێکیان دەستگیرکردووە کە پەیوەندی بە گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵاوە هەیە گوماندەکرێت تێوەگلابێت لە رفاندنەکەدا.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی "ئەلـمۆنیتەر"، کیتڵسۆن رۆژنامەڤانێکی سەربەخۆی ئەمریکییە و نیشتەجێی رۆمایە، رووماڵی چەندین جەنگی لە ناوچەکەدا کردووە و گوتاری بۆ ماڵپەڕە ئەمریکییەکان و میدیا بیانییەکان نووسیوە و چەند ساڵێکە لە بەغدایە. سەرچاوەکان لە ئیدارەی تڕەمپ بە "ئەلـمۆنیتەر"یان راگەیاندووە کە ئاگاداری ئەو هەڕەشانە بوون کە لەسەری بووە و ئامۆژگارییان کردووە گەشت بۆ عێراق نەکات.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداریی دابووە هاوڵاتیانی ئەمریکی لە مانەوەیان لە عێراق و داوای لێکردبوون عێراق جێبهێڵن بەهۆی ئەو "هەڕەشانەی" لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە دروست دەکرێن.  
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ رووداو: لەنێو چەکدارە داعشە گوازراوەکانی سووریا کوردیش هەن

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشکرای دەکات، لێکۆڵینەوە لە 2500 دۆسیەی ئەو چەکدارانەی رێکخراوی داعش کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوازراونەتەوە کۆتایی هاتووە و دەشڵێت، چەکداری کورد لەنێو گیراوەکاندا هەن و بەمزووانە ئامارەکانیان بڵاودەکەنەوە.