رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسایەک دەدات بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانى جگەرە و نێرگەلەکێشان، سزاکەى لە 50 هەزار دینار پێبژاردنەوە دەستپێدەکات، بانگەشەکردن بۆ جگەرە و نێرگەلەکێشان و بەکارهێنانیان لەلایەن کەسانى خوار 18 ساڵ قەدەخە دەکات، ئەو کەسانەش کە دەستبەردارى چاندنى توتن دەبن، قەرزیان دەدرێتێ بۆ پڕۆژەى دیکە.
دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە لەنێو خشتەى کارى کۆبوونەوى 6ى ئایارى پەرلەمانی عێراقە.
ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەگوێرەى پڕۆژە یاساکە بانگەشەکردن بۆ جگەرە و نێرگەلە ئەو ئامێرانەى بۆ کێشانیان بەکاردەهێنرێت قەدەخە دەکرێت، ئەو کەسانەى تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە نابێت نێرگەلە بکێشن، رێگەش نادرێت لەنێو ئەو ئۆمبێلانەدا جگەرە بکێشرێت کە کەسانی خوار 18 ساڵى تیدایە.
ماجید شنگالى گوتى: "سزاى پێبژاردنى سەرپێچییەکانى ئەو یاسایە لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات".
پڕۆژە یاساکە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە نێرداوە بۆ پەرلەمان، ئامانج لێى کەمکردنەوەى کاریگەرى جگەرە و نێرگەلەکێشان و رێکخستنەوەیەتى.
ماجید شنگالى گوتى: "پڕۆژە یاساکە رێگەنادات لە شوێنى داخراو نێرگەلە بکێشرێت، جگەرەکێشانیش لە شوێنە گشتییەکان قەدەخە دەکات".
پەرلەمانى عێراق لە ساڵى 2012 یاسای قەدەخەکردنى جگەرەکێشانى دەرکرد، کە سزاکەى دەگەیشتە 10 هەزار دنیار پێبژاردن، بەڵام وەک خۆى جێبەجێنەکرا و چۆنێتى مامەڵەکردنى لەگەڵ نێرگەلەکێشان و جگەرەى ئەلیکترۆنى تێدا نەبوو.
سەرۆکى لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "پڕۆژە یاساکە رسوماتى سەر جگەرەى هاوردەکراو و دروستکراوى ناوخۆ دەکاتە دوو هێندە، پێناسى گومرگ لەسەرى دەکرێتە 40%، قەزر دەدرێتە ئەو کارگانەى دروستکردنى جگەرە و نێرگەلە ئەگەر بیگۆڕن بۆ بوارى دیکە، هەمان قەرزیش دەدرێتە ئەو کەسانەى تووتن دەچێنن، ئەگەر لە جیاتی تووتن شتی دیکە بچێنن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ