قەیس خەزعەلی: لە هەر کەسێک بەریم کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە

دوێنێ کاژێر 08:28
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، لە هەر کەسێک بەرییە کە تێوەگلابێت لە هەڕەشەکردن بۆ سەر ئاشتیی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی لە پارێزگای مەیسان.
 
ئەمڕۆ شەممە، قەیس خەزعەلی، لە هەژماری ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "روو لە گەلە خۆشەویستەکەمان لە پارێزگای مەیسان دەکەین؛ ماوەیەکی زۆرە هەوڵەکان بۆ نانەوەی ئاژاوە لەنێوان رۆڵەکانی یەک پارێزگادا بەردەوامن. سوپاس بۆ خودا توانیمان بەسەر چەندین رووداوی ئازاربەخشدا زاڵ بین، کە لووتکەکەیان تیرۆرکردنی فەرماندەی شەهید ویسام علیاوی و براکەی بوو بە شێوەیەکی دڕندانە و دواتریش تیرۆرکردنی برای سێیەمیان بوو."
 
ئەمینداری گشتیی عەسائیب جەختی کردەوە: "ئێمە بڕیارمان داوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامین لەوەی پەنا بۆ یاسا ببەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، تاوەکو رێگە لەو کەسانە بگرین کە دەیانەوێت لە ئاوی لێڵدا راو بکەن و ئاژاوە بنێنەوە."
 
هەروەها داوای لە هەمووان کرد لە کاتی هەر رووداوێکدا تەنیا پەنا بۆ یاسا ببەن و داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد ئەرکی خۆیان بە وردی و تۆکمەیی جێبەجێ بکەن لە رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و یاساشکێنان.
 
خەزعەلی جەختی لەوەکردەوە، "لەلایەن خۆمانەوە، بەریبوونی خۆمان لە هەر کەسێک رادەگەیێنین کە تێوەگلابێت لە هەر کارێک ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە."
 
شەوی رابردوو حوسێن عەلاق ناسراو بە "دعلج"، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی گرووپی چەکداریی سەرایای سەلامی سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە گەڕەکی مامۆستایان لە شاری عەممارە-ی پارێزگای مەیسان لە باشووری عێراق، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.
 
دواتر پێکدادانی چەکداری لەنێوان چەکدارانی سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق روویدا و بارەگایەکی عەسائیب لە قەزای کەحلا لە پارێزگای مەیسان کرایە ئامانج.
 
هەر لەوبارەوە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پەیامێکی دەستنووسدا بە تووندی هێرشی کردە سەر ئەو لایەنانەی کە بە "میلیشیا بێشەرمەکان" ناوزەدی کردن و رایگەیاند، بێشەرمی و بوێریی ئەو گرووپانە گەیشتووەتە ئاستێک کە بەبێ هیچ سڵکردنەوەیەک خوێنی خەڵکی بێتاوان دەڕێژن، بەتایبەتی لە پارێزگای مەیسان.
 
موقتەدا سەدر،  لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە پێویستە یاسا رێڕەوی خۆی وەربگرێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و راگرتنی خوێنڕشتن. هەروەها داوای لە "ئیمانداران و پیاوچاکان" کرد نەکەونە داوی ئەو فیتنە و پیلانانەی گەندەڵکاران بۆ جوانکردنی وێنەی خۆیان لەبەرچاوی لایەنگرانیان دایانڕشتووە.
 
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە هۆشداریی لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی تووندوتیژی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و رێکارە عەشایەرییەکان دا و رایگەیاند: "بە پێچەوانەوە، ئێوە یارمەتیی گەندەڵکاران دەدەن لەسەر فیتنە و خراپەکارییەکانیان، بۆیە نابێت شوێن کردەوەکانیان بکەون."
 
لە کۆتاییی پەیامەکەیدا، سەدر داوای دانبەخۆداگرتن و ئارامیی لە لایەنگرانی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە "خودا لەگەڵ خۆڕاگرانە." هەروەها جەختیشی کردەوە کە هەرچەندە ناحەزان پیلان بگێڕن، بەڵام دواجار راستی سەردەکەوێت.
 
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر گرژییەکان، هێزە ئەمنییەکان قەدەخەی هاتووچۆیان لە پارێزگای میسان راگەیاند.
 
 برایەکی حوسێن عەللاق لە مزگەوتێکەوە داوای لە لایەنگرانی رەوتەکە کرد دان بەخۆیاندا بگرن و رێگە نەدەن گرژییەکان زیاتر بن.
 
هەر لەکاردانەوەکاندا، ئەندامانی سەرایا سەلام نووسینگەی مستەفا دعێر، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان-یان سووتاند، کە سەر بە عەسائیبە.
 
حوسێن عەللاق ناسراو بە "دعلج"، لەسەر چەند تۆمەتێک داواکرابووە، دیارترینیان کوژران وسام علیاوی بەڕێوەبەری نووسینگەی عەسائب ئەهلی حەق لە مەیسان و براکەی بوو  لە 25ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا، کە ئەمانە بە کووشتنی خۆپێشاندەران تۆمەتبار کرابوون.
 
ئەوکات قەیس خەزعەلی لەکاتیی بەخاکسپاردنی هەردوو براکەدا بەڵێنی بە دایکیان دا، کە تۆڵەیان بکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە