رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی 48 کاژێر چاوەڕێی یەکێتی و پارتی دەکەن لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆمار، بەر لەوەی رۆژی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی دیاری بکەن، بڕیارە ئەو هاوپەیمانێتییە کۆبوونەوەیەکی "نائاسایی" لەبارەی ئەنجامی سەردانی شاندەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان بکەن.
سەردانی شاندی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان بۆ هەولێر و سلێمانی و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی لە 2ـی شوبات، ئەنجامێکی راگەیێنراوی نەبوو بە ئاراستەی رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار کە هەردوو لایەنە کوردەکە بەربژێریان بۆی هەیە.
ڕاگەیێندراوی هەردوو کۆبوونەوەکە بە ئاراستەی پابەندبوون بە ماوە دەستوورییەکان بوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
ئەبوو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەردانەکە بڕیاری لێنەکەوتووەتەوە و زیاتر راوێژ و گواستنەوەی پەیام بووە لە بەغداوە بۆ هەولێر و لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی و بەپێچەوانەوە."
هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، هەنگاوی دەستپێکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کە پێویستی بەوەیە سەرۆککۆمار بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە تاوەکو ئێستا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە.
ئەبوو میساق مەساری رایگەیاند: بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژدا هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەیەکی "نائاسایی" بکات، بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامی سەردانی لیژنەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان و یەکلاکردنەوەی پرسی بەربژێری سەرۆککۆمار.
پەرلەمانی عێراق لە یەکی شوبات بۆ دووەم جار نەیتوانی ئەو دانیشتنە بکات کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری کردبوو؛ پێشتریش لە 27ی کانوونی دووەم دانیشتن بۆ هەمان پرس نەکرا.
بەگوێرەی بڕیاری سەرۆکایەتىی پەرلەمانى عێراق و سەرۆک فراکسیۆنەکان نابێت هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 8ی شوبات تێپەڕێت.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاماژەی ئەرێنی بۆ رێککەوتن لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەکێتی هەبووە بە ئاراستەی دیاریکردنی یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار."
بەگوێرەی دەستوور، دەبێ لە 30 رۆژدا لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێ و ئەویش لە 15 رۆژدا بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێ.
بە گوتەی عەقیل ردێنی لە کۆبوونەوەی شاندی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە ئەوەی کە ماوەی 48 کاژێر چاوەڕێی پارتی و یەکێتی بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار، ئەگەرنا پەنا ببەنە بەر دەنگدان لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە.
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ