رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەخت لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانی وەزارەتەکان بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات دەکاتەوە و چەند بڕیارێکی لەبارەی کەرتەکانی تەندروستی، نەوت و گەشتیارییش دا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، پێنجەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ساڵی 2026دا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتی کۆتایی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت خرایەڕوو کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە 884 ئامانجی بۆ دیاریکرابوو، رێژەی جێبەجێکردنی ئامانجەکان گەیشتووەتە 88% و تاوەکو ئێستا 582 ئامانج بەتەواوی جێبەجێکراون.
لە کۆبوونەوەکەدا، چەند بڕیارێک لەبارەی کەرتەکانی تەندروستی، نەوت و گەشتیاریدا دران، کە ئەمانەی خوارەوەن:
کەرتی تەندروستی
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی پزیشک و بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 24395ـی ساڵی 2024، ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دا:
- قەدەخەکردنی گواستنەوەی ئەو پزیشکانەی لەو پارێزگایانە کاردەکەن کە کەمیی پسپۆڕییان تێدایە.
- دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستیی ژیان بۆ ئەو پزیشکانەی لە پارێزگاکان خزمەت دەکەن.
- پێدانی زەویی نیشتەجێبوون بەو پزیشکە پسپۆڕانەی 5 ساڵ خزمەتی کردەییان لەو ناوچانە هەیە، هاوشێوەی یاسای ژمارە 36ـی ساڵی 2016.
- زیادکردنی کورسییەکانی خوێندنی باڵا و بۆرد بۆ پسپۆڕییە دەگمەنەکان.
کەرتی نەوت
ئەنجوومەنی وەزیران، رەزامەندی لەسەر بەردەوامبوونی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتیی مەجنوون لە پارێزگای بەسرە لەگەڵ کۆمپانیای (KBR) نیشان دا و لە بڕیاری ژمارە 1128ـی ساڵی 2025 بەدەری کرد، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە راگرتنی بەرهەمهێنان.
ئاسایشی گەشتیاری و فڕۆکەوانی
حکومەتی عێراق رەزامەندی دا لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی سویسری بۆ دابینکردنی سیستمی (API) کە تایبەتە بە زانیاریی پێشوەختەی گەشتیاران؛ هەروەها بڕیار درا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت بکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، بەپێی یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2016.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانی وەزارەتەکان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ