فایەق زێدان سێ رێگە بۆ چارەسەری پرسی گەورەترین فراکسیۆن دەخاتەڕوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، شرۆڤەی 16 ساڵ پێش ئێستای دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی گەورەترین فراکسیۆن بە "هەڵە" ناو دەبات و سێ رێگە بۆ چارەسەری ئەو کێشە دەستوورییە دەخاتەڕوو، کە یەکێکیان پاشگەزبوونەوەی دادگەی فیدراڵییە لە شرۆڤەی پێشووی لەپێناو تێپەڕبوونی عێراق لە دۆخی چەقبەستوویی سیاسیی ئێستا.
 
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبارەی شرۆڤەیەکی دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ ماددەیەکی دەستوور لەبارەی گەورەترین فراکسیۆن رایگەیاند: "تاوانی شرۆڤەی هەڵە، جیاوازیی بۆچوون یان فەلسەفە نییە لە قوتابخانەکانی شرۆڤەدا، بەڵکو دوورکەوتنەوەیە لە رۆحی دەستووری و مەبەستەکانی، ئەوەشە کە مانا دەدات بە دەقێک کە هەڵی ناگرێت".
 
ئەو تێڕوانینانەی فایەق زێدان لە گوتارێکدا بوو کە سێشەممە 3ی ئادار لە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوکراوەتەوە لەبارەی شرۆڤەیەکی دادگەی باڵای فیدراڵییە لە 25ی ئاداری 2010 بۆ یەکلاکردنەوەی ئەوەی گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانی عێراق ئەوەیە، کە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە یان ئەوەیە کە دواتر وەک هاوپەیمانێتی دروست دەکرێت.
 
بەگوتەی فایەق زێدان، ئەو شرۆڤەیە چەند کەموکوڕییەکی دەستووریی تێدایە، لەوانە ئەوەیە کە پێچەوانەی دەقی ماددە دەستوورییەکەیە کە ئاماژەی نەکردووە بە دروستکردنی هاوپەیمانی لە دواتردا و مەبەست لێی ئەو فراکسیۆنەیە کە لە هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە؛ ئەو شرۆڤەیەی بۆی کراوە زیان بە ئیرادەی دەنگدەر دەگەیەنێت، چونکە رێگە دەدات بە پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن لە دوای هەڵبژاردن، کە دەبێتە هۆی گۆڕینی ئەنجامی سیاسی کە دەنگدەر لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدان دەنگی بۆ داوە، وا دەکات کە بۆ پێکهێنانى حکومەت دانوستاندنێکی ئاڵۆز بکرێت، کە چەند مانگێک بەردەوام دەبێت وەک ئەو دۆخەی ئێستا هەیە.
 
ئەو شرۆڤەیە بۆ ماددەی 76ی دەستووری عێراق کراوە کە پێنج بڕگەیە و تایبەتە بە پێکهێنانی حکومەت.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێیوایە ئەو کێشەیە پێویستی بە هەمواری دەستوورییە بۆ ئەوەی گەورەترین فراکسیۆن دیاری بکات بەشێوەیەک مایەی شرۆڤە نەبێت؛ جگە لەوە دەکرێت ئەو پرسە لە رێگەی هەمواری یاسایی پەرلەمانی عێراق چارەسەر بکرێت بەشێوەیەک کە گەورەترین فراکسیۆن ئەوەیە لە یەکەم کۆبوونەوەیدا ناوی تۆمار دەکات، یان دادگەی باڵای فیدراڵی چاو بە شرۆڤەی پێشوودا بخشێنێتەوە کە گەورەترین فراکسیۆن ببەسترێتەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەک هاوپەیمانێتییەکانی دوای ئەوە.
 
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بە 46 کورسی گەورەترین براوەی هەڵبژاردنەکە بوو، بەڵام دواتر هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی گەورەترین فراکسیۆنیان رایگەیاند، کە پێشکێشکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران لە پشکی ئەوان دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق

فوئاد حوسێن: هەولێر بە زیاتر لە 70 مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، شاری هەولێر رووبەڕووی هێرشێکی چڕ بووەتەوە و بە زیاتر لە 70 مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش ئاشکرای دەکات کە وڵاتەکەی بە نزیکەی 800 مووشەک و درۆن بۆردوومان کراوە.