رووداو دیجیتاڵ
شەوی 1ـی ئاداری 2026، گرووپی سەرایا ئەولیا دەم دوو راگەیێندراوی لەبارەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە؛ جارێک گوتی بە گوژمەیەکی درۆن و جارێکی دیکە ئاماژەی بەوە دا بە مووشەکی "قارع" هێرشیان کردووەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ئەو گرووپە دەمێکە ڤیدیۆی پڕوپاگەندەکەیی لەبارەی مووشەک و درۆنەکانی لە کەناڵی تەلەگرام بڵاودەکاتەوە، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئسیرائیل بۆ سەر ئێران لە دوای 28ـی شوبات، زیاتر ناوی کەوتە نێو ناوان.
سەرایا ئەولیا دەم، گرووپێکی چەکداری شیعەی عێراقییە کە سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. لە سەرەتای دروستبوونی جەنگەکەوە 7 راگەیێندراوی جیاوازی بڵاوکردەوە کە پێنجیان هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکیانە بوون، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
دەرکەوتنی یەکەمجاری ئەو گرووپە لە ساڵی 2020 بوو، کاتێک لە 24ـی ئابی ئەو ساڵەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەک بارهەڵگر گوایە کاڵا و پێداویستیی ئەمریکیی تێدابووە. 8ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ راگەیێندراوێکی دیکەی لەبارەی هێرشێکەوە بڵاوکردەوە کە بانگەشەی ئەوەی دەکات خۆی ئەنجامی داوە.
ئەو گرووپە لە ساڵی 2020 دامەزراوە، لەو کاتەوە و بەگوێرەی دۆخەکە جاربەجار دیارە و ماوەیەکیش دەچێتە سووڕی متبوونەوە و هیچ چالاکییەکی نییە. لە ساڵی 2023ـەوە ئەکاونتێکی تایبەت بەو ناوە لە تۆڕی تێلیگرام دامەزراند، بەر لەوە چالاکییەکانی ئەو گرووپانەی دیکە بڵاودەکاتەوە کە نزیکن بوون لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
گرووپەکە بەشێکە لەو گرووپانەی خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" ناساندووە، کە هێزە پێکهێنەرەکانی نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
شەوی 2ـی ئادار، گرووپى موقاوەمە رایگەیاند لەدوای سەرهەڵدانی جەنگ لە نێوان تاران و ئەمریکا و ئیسرائیل، 28 هێرشی جیاوازیان لەناو عێراق و دەرەوە کردووە.
دوای ناکاراییەکی زۆر، لە 16ـی شوباتی 2021، سەرایا ئەولیائولدەم بە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان خۆی چالاک کردەوە و بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە راگەیاند.
هەندێک لەو گرووپە چەکدارانەی بە ناوی جیاوازەوە راگەیێندراو بڵاودەکەنەوە یان چالاکیی دژی نەیارانیان دەکەن، لەژێر دەستی هێزێکی سیاسیی شیعەدان.
د. ئەحمەد شەریفی، پسپۆڕی سەربازیی عێراقی بە رووداوی گوت: "گروپە چەکدارەکان پەنا دەبەن بۆ گرووپى دیکە و ناوی نوێ بۆ ئەوەی بەدوور بن لە گوشار لەسەریان، هەندێک جار کەسی نوێش دەهێننە پێشەوە بۆ دووربوون لە لێپرسینەوەی سیاسی و ئەمنی".
سەرەتای مانگی شوباتی رابردوو، ئەو گرووپە ڤیدیۆیەکی لەبارەی دامەزراوەی خۆیان لە نێو تونێلێکدا بڵاوکردەوە کە ناوی لێناوە "ئەولیا دەم" و تێیدا وێنەی ژمارەیەک کەسایەتی وەک عەلی خامنەیی، عەلی سیستانی، قاسم سولەیمانی، ئەبو مەهدی موهەندیسی تێدا هەڵواسرابوو.
د. ئەحمەد شەریفی گوتى:" ئەو گرووپە جیاوازانە لەسەر بیرۆکە کاردەکەن، سەرەڕای ئەوەی جیاوازن، بەڵام لە ئامانجێکدا یەکدەگرنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ