حکومەتی عێراق: لە 6 بۆ 10ـی حوزەیران پشووی جەژنی قوربانە

03-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشووی جەژنی قوربانی دیاریکرد کە لە 6 بۆ 10ی حوزەیران دەبێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا پشووی فەرمی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لە رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانەوە دەستپێبکات تاوەکو سێشەممە 10ی حوزەیران.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە 11 و 12ی ئەم مانگە دەوامی فەرمی لە دامودەزگەکانی دەوڵەت دەبێت.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەروەها بڕیاری دا رۆژی 15ی حوزەیرانیش بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە پشوو بێت.
 
رۆژی 22ی ئایاری 2024 پەرلەمانی عێراق رەشنووسی یاسای پشووە فەرمییەکانی پەسند کرد، لەنێویاندا رۆژێک بەناوی جەژنی غەدیر.
 
جەژنی غەدیر بە یەکێک لە گرنگترین جەژنەکان لای شیعەکان هەژمار دەکرێت و دەڵێن، رۆژی 18ی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ی کۆچی، محەممەد پەیامبەری ئیسلام (د. خ) بە فەرمانی خودا، عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان دانا و ئەو گوتەیەشی لە شوێنێک بەناوی غەدیرخەم کردووە، کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مەککە و مەدینە، بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕا نین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە