وەزارەتی ژینگەی عێراق: دوای بانگەشە پۆستەرەکانی هەڵبژاردن دەکەینە پۆستەری هۆشیاریی ژینگەیی

03-11-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ژینگەی عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان واژۆکرد، بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردن و گۆڕینیان بۆ تابلۆی هۆشیاریی ژینگەیی.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2025، ئەمیر حەسوون، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندنی ژینگەیی لە وەزارەتی ژینگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی رێککەوتنەکە بەشێکی ئەو  پۆستەر و کەرەستانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەکارهاتوون، دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە و دەکرێنە تابلۆی هۆشیاریی ژینگەیی و لە شەقامەکانی پارێزگاکاندا دادەنرێن."
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاری دەڵێت: "رێککەوتن کرا راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست بە کارەکە بکرێت، بەجۆرێک زۆرترین سوود لەو کەرەستانە وەربگیرێت شیاوی دووبارە بەکارهێنانەوەن، ئەمەش وەکو پاڵپشتییەک بۆ هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی ژینگە."
 
بە گوتەی ئەمیر حەسوون، بەشێکی حیزبەکان رەزامەندییان داوە لەسەر ئەستۆی خۆیان پۆستەرەکان بگۆڕن بۆ تابلۆی هۆشیاریی ژینگەیی، بەشێکی دیکەشیان پێیان گوتوون، وەزارەتی ژینگە کارەکە بکات و ئەوان تێچووەکەی لە ئەستۆ دەگرن، ئاشکراشی کرد: "بەم نزیکانەش ناوی ئەو لایەنە سیاسییانە رادەگەیێنرێت هاوکاری وەزارەت دەکەن لە پاڵپشتیکردن و بڵاوکردنەوەی بانگەشە ژینگەییەکان لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژە نیشتمانییەدا."
 
بەرپرسەکەی عێراق داوای لە قەوارە سیاسییەکانی دیکەش کرد رەزامەندیی بدەن و بەشداری لە سەرخستنی پڕۆژەکەدا بکەن، چونکە وەکو ئەو دەڵێت: "بەشێوەیەکە کولتووری بەرپرسیارێتیی ژینگەیی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات و بەشدار بێت لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە."
 
نبراس ئەبو سۆدە، جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە داوامان لە وەزارەتی ژینگە کرد ئەو هەنگاوە هاوبەشە بگرینەبەر، چونکە ئەو پۆستەرانە ژینگەی شارەکانیان زۆر ناشیرین دەکرد."
 
جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتیشی: "حیزبەکان دوای بانگەشە هیچ کارێکیان بەو پۆستەرانە نامێنێت و ئێمە وەزارەتی ژینگەمان سەرپشک کردووە بۆ بەکارهێنانەوەیان."
 
ئەو هەنگاوە لە هەرێمی کوردستان دەستی پێنەکردووە، دوێنێ، سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژێک دوای هەڵبژاردن، بە هاوبەشی لەگەڵ شارەوانییەکان هەوڵدەدەین ژینگە پاکبکەینەوە و هەموو حیزب و بەربژێرەکان مانگێکیان لەبەردەستە تاوەکو فلێکسەکان و پاشماوەی بانگەشە هەڵبگرنەوە، بە پێچەوانەوە لادەبرێن و تێچووەکەی لە ئەستۆی خۆیان دەبێت."
 
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و بڕیارە رۆژی 08-11-2025 بانگەشە کۆتایی بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە