رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی یاسایی پەرلەمان جمەی دێت و ژمارەیەک زۆری بەربژێر چوون بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. هەریەک لە ئاسۆ فەریدوون و شوان داودی فۆرمی بەربژێربوونیان پێشکێشکرد.
فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە وەرگرتن و پڕکردنەوەی فۆرمی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەردەوامە.
شوان داودی، پەرلەمانتاری خولی سێیەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ وەک یەکەم کەس فۆرمی بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆککۆمارم پڕکردەوە و پسووڵەکەشم وەرگرتەوە کە ژمارە یەکە؛ لە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش چاوپێکەوتنم لەگەڵ کرا".
شوان داودی گوتی: "نزیکەی چوار ساڵ و نیوە پەیوەندییم بە یەکێتییەوە نەماوە و وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ خۆم بەربژێر کردووە".
بەگوتەی شوان داودی، لەو کاتەی لە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمان بووە، هەریەک لە نزار ئامێدی و حوسێن سنجاری داوای مۆڵەتیان کردووە بێنە فەرمانگەکە بۆ خۆبەربژێرکردن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممەش، ئاسۆ فەریدوون وەک بەربژێری سەربەخۆ فۆرمی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پێشکێش کردووە.
بەگوتەی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێر تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئێستا 30 کەس فۆرمی بەربژێربوونیان پڕکردووەتەوە کە 5یان ژننن؛ ژمارەکە لە زیادبوونە.
تاوەکو رۆژی دووشەممە کۆتایی دەوام دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دادەخرێ.
ئەمیرە جابر، بەربژێرێکی عەرەبە و ئەمڕۆ فۆڕمەکەی پڕکردووەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەزانم ئەم پۆستە پشکی کوردە، فراکسیۆنی گەورەشم لە پشت نییە، بەڵام هەوڵمداوە ئەم رێچکەیە پشکێنم و دەستم بە جموجووڵ کردووە بۆ قسەکردن لەگەڵ لایەنەکان".
مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار:
بەپێی مادەی 68ـی دەستووری عێراق:
- پێویستە هاووڵاتی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
- تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
- خاوەن نێوبانگی باش، شارەزایی سیاسی، دەستپاک و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.
- بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانراو بێت.
- پێشینەی تاوانی نەبێت، بەتایبەت لەو تاوانانەی پەیوەستن بە شەرەفەوە.
- نابێت بە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری یان هەر رێکارێکی هاوشێوە گیرابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ