حکومەتی عێراق دڵنیایی دەدات؛ 'راگرتنی هەناردەی نەوت کار ناکاتە سەر دابینکردنی سووتەمەنی ناوخۆ'

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا دڵنیایی دەداتە خەڵک سەرجەم پاڵاوگەکانی نەوت لە باشوور، ناوەڕاست و باکووری وڵات بەردەوامن لە کارکردن بە توانای تەواوی خۆیان بۆ بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی سووتەمەنی.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوت: "پاڵاوگەکان بڕی پێویستی (بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و هتد) بۆ پێداویستییەکانی رۆژانەی نێوخۆ دابین دەکەن و بڕێکی زۆری زیادەشیان لە کۆگەکاندا هەڵگرتووە". 
 
هەروەها جەخت کراوەتەوە: "بنکەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی لە هەموو پارێزگاکان و سەر رێگە دەرەکییەکان بە شێوەی 24 کاژێری لە خزمەتکردنی خەڵك بەردەوامن".
 
سەبارەت بە کاریگەریی رووداوە سیاسییەکان، وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە: "کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و راگرتنی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەردەوامیی کارکردنی پاڵاوگەکان و بەرهەمهێنانی پێداویستییە ناوخۆییەکان و گازی شل نابێت."
 
وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە"پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و وەبەرهێنانی گازی هەواڵ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان بەردەوام دەبێت".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیای نەوتی بەسرەی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریدا بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوەی وڵات لە کێڵگەی رومێلەی باشوورەوە بە تەواوی رابگرێ، ئەوەش بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و شەڕی ئەمریکا و ئێران.
 
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە ئەمڕۆ سێشەممە (3ی ئاداری 2026)، لە دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆمپانیای نەوتی بەسرە دەرچووە، ئەم بڕیارەی دراوە "لە ئەنجامی رووداوە سیاسییە نێودەوڵەتییە زۆر مەترسیدارەکان و داخستنی گەرووی هورمزە کە بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی و نەهاتنی تانکەرە نەوتییەکان بۆ ناوچەی کەنداو، ئەمەش بووەتە هۆی کەمیی تانکەرەکان لە بەندەرەکانی باشوور و راگرتنی بارکردنی نەوت لە هەندێک لە کۆگاکاندا."
 
بەگوێرەی بەڵگەنامە: "ئەم دۆخە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی کۆگەکراو بۆ ئاستێکی مەترسیدار، هەر بۆیە بڕیاردرا لە کاژێر سێی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 3ی ئاداری 2026ەوە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی رومێلەی باشوور بە تەواوی (100٪)رابگرن ."
 
کێڵگەی نەوتیی رومێلە، دەکەوێتە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق، بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و جیهان دادەنرێت، کۆڵەکەیەکی سەرەکیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی عێراق پێکدەهێنێت.
 
کێڵگەکە 32 کیلۆمەتر لە باکووری سنووری کوێت و 50 کلیۆمەتر لە رۆژئاوای شاری بەسرە دوورە. دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا: رومێلەی باکوور و رومێلەی باشوور کە هاوسنووری کوێتە. 
 
رووبەری کێڵگەکە نزیکەی 1600 کیلۆمەتری چوارگۆشە و درێژییەکەی 80 کیلۆمەترە لە باکوورەوە بۆ باشوور و 20 کیلۆمەتر لە رۆژئاواوە بۆ رۆژهەڵات.
 
نەوت لە کێڵگەکانی رومێلە لەژێر سەرپەرشتیی کۆمپانیای نەوتی باشوور لە پارێزگای بەسرە دەردەهێندرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەندەری ئوم قەسر

رێکاری نوێی گومرگی بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە عێراقەوە راگەیێندرا

حکومەتی عێراق بە مەبەستی رێگریکردن لە جەنجاڵی لە بەندەرەکان و خێراکردنی گەیشتنی کاڵاکان بە بازاڕ، رێکاری نوێی گومرگی رادەگەیێنێت کە کەرتی گشتی و تایبەت دەگرێتەوە.