رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق داوای پەرلەمانتارێکی شیعەی تایبەت بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ دانانی داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە، کە تێیدا داوا لە دادگەکە دەکات سیفەتی "بەپەلە" بدرێتە سکاڵاکەی و فەرمانێک بۆ راگرتنی رێوشوێنەکانی تایبەت بە کردنەوەی هەژمارەکە لە بانکێکی دەرەکی رابگیرێت، پەرلەمانتارێکی لیژنەی دەستپاکیش دەڵێت: "رەتکردنەوەی ئەو داوایە خاڵێکی باشە و رەنگبێت ببێتە سەرەتایەک بۆ رەتکردنەوەی سکاڵاکە بەتەواوی."
دادگەی باڵای فیدراڵی دەقی بڕیارێکی تایبەت بە رەتکردنەوەی داوایەکی پەرلەمانتار عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی عەسائیبی ئەهلی حەقی بڵاوکردەوە، کە پەرلەمانتارەکە داوای کردبوو سیفەتی "بەپەلە" بداتە سکاڵایەکی لەبارەی کردنەوەی هەژمارێکی بانکی بۆ دانانی داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بانکێکی دەرەکی.
سەیرکردنی داواکەی ئەو پەرلەمانتارە بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی لە رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2023 دەبێت.
دادگەی فیدراڵی پێدانی سیفەتی بەپەلەی بۆ ئەو سکاڵایە لە رۆژی 28ـی ئایاری 2023بە دوو هۆکار رەتکردووەتەوە؛ یەکەمیان ئەوەیە سکاڵاکە سیفەتی بەپەلەی تێدا نییە، دووەمیشیان دەستپێکردن بەو سکاڵایە واتە رێپێدانێکی پێشوەختە لەسەر ئەو سکاڵایە، کە لەلایەن ئەو پەرلەمانتارە بە ژمارە (87/فیدراڵی/2023) تۆمارکراوە.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی 13ـی حوەزیرانی ئەمساڵ دادگەکە یەکەم کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای عودەی عەواد، بکات. سکاڵاکار داوای کردووە یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە تایبەتە بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی لە (Citibank) کە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیی عێراقە، بە نادەستووری هەژماربکرێت.
سکاڵاکە پێشتر لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە لەسەر هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت تۆمار کراوە.
رۆژی یەکشەممە، 4-6-2023، خالید رێکانی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی رەتکردنەوەی داواکاریی ئەو پەرلەمانتارە بە رووداوی گوت: "کارێکی باشە رەتکراوەتەوە، چونکە داواکە ناپێویستە، بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا کە هەرێمی کوردستان و ناوەند خەریکی رێککەوتنی نوێن لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە رەشنووسی بودجە لە مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان کراوە، بۆیە پێمانوایە ئەوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ رەتکردنەوەی داواکەش، بەتایبەت ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند هەبێت و رەشنووسی یاسای بودجە بە رێککەوتن تێپەڕێندرێت."
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، کە بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا.
رۆژی 4ـی نیسانى 2023، هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیی عێراق رێککەوتنیان واژۆکرد بۆ ئەوەى هەناردەی نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ)وە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تائێستا دەستی پێنەکردووەتەوە.
دواتر رێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی داهاتەکانی نەوتی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی دابنرێت و سەرۆکی حکومەتی کوردستان پارەکانی دەربکات، ئەوە لە رەشنووسی بودجەی 2023ـشدا جێگرکرا، بەڵام شەوی پێنجشەممە، 24ـی ئایار لیژنەی دارایی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە مادەکانی 13 و 14ـی تایبەت بە هەرێمی کوردستان کرد و یەکێک لە گۆڕانکارییەکان ئەوەیە ئەو هەژمارە لە بانکی ناوەندیی عێراق بکرێتەوە و دوای رەزامەندیی وەزیری دارایی، سەرۆکی حکومەت پارەی لێ رابکێشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ