چوارچێوەی هاوئاهەنگی: لە نزیکترین کات دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان داوا دەکات لە نزیکترین کاتدا دانیشتنی پەرلەمان بکرێت و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2024، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 254ی خۆی کرد.
 
دوای کۆبوونەوەکە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد. لە نزیکترین کاتدا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بکرێت و پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبچێت.
 
هاوکات جەختی لە "گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت و شایستە نیشتمانییەکانی دیکە بە گیانی بەرپرسیارێتی و لێکتێگەیشتن" کردەوە.
 
رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا و رۆژی 14-12-2025 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە فەرمی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسندکرد.
 
بەگوێرەی مادەی 54ی دەستووری عێراق، دوای پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە، پێویستە سەرۆککۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا بانگهێشتی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بکات، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان. 
 
 بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە:
 
 - دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێ.
 - بەگوێرەی مادەی 50ی دەستوور، پەرلەمانتاران سوێندی دەستووری دەخۆن.
 - بەگوێرەی مادەی 55ی دەستوور، لە هەمان دانیشتندا سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن و بۆ دەرچوون پێویستیان بە دەنگی زۆرینەی رەها (50+1)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمانە. 
 
دارا سێکانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 14-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەگەر نەتوانرا لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێن، ئەوا دەکرێ دانیشتنەکە بە کراوەیی هەڵبگیرێ تاوەکو لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە