رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە گەڕانەوەی دانیشتووانی گوندی عۆجەی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین کە لە کاتی شەڕی داعش لە 2014ەوە ئاوارە ببوون.
ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025 جەمال عەگاب، گوتەبێژی پارێزگاری سەڵاحەدین بە رووداوی راگەیاند، "پێشتر زیاتر لە سێ جار بڕیاری گەڕانەوە بۆ ئەو کەسانە درابوو، بەڵام جێبەجێ نەکرا. لیوای 35ی هێزی حەشدی شەعبی لە گوندەکەدا جێگیرن."
بەپێی نووسراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لیژنەیەکی ئەمنی بە سەرۆکایەتی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە، "بەڵام هێشتا کاتی گەڕانەوە دیاری نەکراوە."
گوتەبێژەکەی پارێزگاری سەڵاحەدین گوتی، پێویستە پێش گەڕانەوەی خەڵکەکە، پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکە دابین بکرێ، لەوانە کارەبا، ئاو، قوتابخانە، نۆژەنکردنەوەی رێگاوبان و دەستپێکردنەوەی کاری بنکە و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پارێزگاری سەڵاحەدین هەوڵی جیدی بۆ ئەم رێکارانە دەدات."
عەگاب گوتیشی، "دانیشتووانی عۆجە تەنیا کەسوکاری سەدام حوسێن نین، بەڵکو زۆر خەڵکی دیکەی تێدایە کە نزیکەی 10 هەزار کەس دەبن."
گوندی عۆجە نزیکەی 13 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری تکریتەوە دوورە و لەسەر کەناری رووباری دیجلە هەڵکەوتووە. سەدام حوسێن لە 28ی نیسانی 1937 لەو گوندە لەدایکبوو.
لیژنە باڵاکە کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەرۆکایەتی دەکات، پێکهاتووە لە:
• فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان - سەرۆک
• نوێنەرانی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان، کارەبا، تەندروستی، کشتوکاڵ، پەروەردە و سەرچاوە ئاوییەکان.
• فەرماندەی پۆلیسی سەڵاحەدین
• نوێنەری ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری نیشتمانی
ئەرکەکانی لیژنەکە:
- بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە تکریت بۆ راگەیاندنی کاتی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی گوندی عۆجە.
- گەڕاندنەوەی ماڵباتە ئاوارەکان بۆ گوندەکانیان قۆناخ بە قۆناخ لە 10 رۆژدا.
- دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دەستپێکردنەوەی کارکردن لە گوندەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ