ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد

04-11-2025
هەوار جەلالەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سێشەممە بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە پشووی فەرمی لە رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە سێشەممەی داهاتوو.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، نێوەڕۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکایەتیی 44ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد کە تێیدا دۆخی گشتیی وڵات تاوتوێکرا و بابەتەکانی نێو کارنامەکە گفتوگۆی لەسەر کرا و بڕیاریان لەبارەوە درا".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لە رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان واتە سێشەممەی داهاتوو، 11ی تشرینی دووەمی 2025، پشووی فەرمی بێت."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پەیوەندیدار بە کەرتی کشتوکاڵ، ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر پلانی کشتوکاڵی بۆ وەرزی زستانەی (2025-2026)دا بۆ چاندن لە رووبەری یەک ملیۆن دۆنم بەشێوەی بەراو (بە سوودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی)، جگە لەو رووبەرەی کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران (796 بۆ ساڵی 2025) پەسند کرا بۆ چاندن لە رووبەرێکی 3.5 ملیۆن دۆنم بە بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، بە مەرجێک سیستەمەکانی ئاودێری مۆدێرن لە چاندنی گەنمی چێندراو بەکار بهێندرێن، هەروەها وەزارەتی بازرگانی هیچ بڕێک گەنمی چێندراو لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە وەرنەگرێ".
 
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەموارکردنی بڕیاری ژمارە (881 بۆ ساڵی 2025) پەسند کرد، بە پەسندکردنی رێژەی پشتیوانی تۆوی دابینکراو بۆ جووتیاران بۆ ئەوەی ببێتە (60%) "بە مەبەستی پشتیوانیکردنی جووتیاران و کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و هاندانیان بۆ بەکارهێنانی تۆوی پەسندکراو".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی بڕیاری ژمارە (24265ی ساڵی 2024) دا کە هێڵی بازيان– کەرکووک (400 کەی.ڤی) لە وێستگەی کەرکووک (400 کەی.ڤی) بە تەواوی بەیەک بازنە ببەسترێتەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی هێڵی سەنتەری هەولێر– رۆژهەڵاتی موسڵ (400 کەی.ڤی) و هەر کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانیش بیەوێ ئەم پڕۆژانە جێبەجێ بکات، دەبێت لە رێگەی هێڵێکی نوێوە وێستگەکانی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) لە پارێزگاکانی (نەینەوا، سەڵاحەدین و کەرکووک) بە تۆڕی نیشتمانیی فیدراڵییەوە ببەستێتەوە. بەو مەرجەی بەستنەوەکە هاوکات بێت لەگەڵ ئامادەبوونی سیستمی کارەبای نیشتمانی."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەنجوومەن راسپاردە تایبەتەکانی سەبارەت بە کاراکردنی خزمەتگوزارییە جیهانییەکانی (APPLE PAY) لە عێراقدا پەسند کرد، بە پەسندکردنی بەڵگەنامە پێویستەکانی کۆمپانیای دایک، لە بری بڕوانامەی تۆمارکردنی بازرگانی بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی متمانەپێکراو لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن و بێبەشکردنی کۆمپانیاکە لە حوکمەکانی سیستمی لقەکانی کۆمپانیا بیانییەکان (2 بۆ ساڵی 2017)ی هەموارکراو".
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، "ئەنجوومەن دەسەڵاتی بە وەزارەتی دارایی دا بۆ دابینکردنی تەرخانکردنی دارایی لە بەرژەوەندی وەزارەتی دەرەوە بۆ رێکخستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پشتیوانیکردنی قوربانیانی تیرۆر لە بەغدا/ 2026 بە هاوکاری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
 
بەیاننامەکە دەڵێت: "ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی دا بە پڕۆژەیاسای بەشداریکردنی عێراق لە رێککەوتننامەی هاوکاریی گومرگی عەرەبی و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بە پشتبەستن بە حوکمەکانی دەستوور".
 
لە چوارچێوەی کاری حکومەت بۆ تەواوکردنی پڕۆژە وەستاو و دواکەوتووەکان، رەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی ئاو بۆ گوندەکانی جەحیشی سەر بە ناحیەی عەیادییە لە پڕۆژەی ئاسکی موسڵ لەناو پڕۆژەی سەرەکی (جێبەجێکردن و نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەکانی ئاو لە شنگال، موسڵ، تەلەعفەر، حەمدانییە، بەعاج، تلکێف و مەخمور) لەگەڵ زیادکردنی کۆی تێچووی پڕۆژەی سەرەکی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرکردەکانی سوننە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی

لایەنە سوننەکان لەسەر دیدگەیان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتن

عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پەڕەیە تایبەتە بە پشک و ماف و دیدگەی سوننە لە حکومەتی داهاتووی عێراق. ئەو پەڕەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێ دەکرێت."