رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە شاندێکی پەرلەمانتارانی کوردی راگەیاند، بەهۆی داخستنی هەژماری ساڵی رابردوو، چارەسەری مووچەی دوو مانگی فەوتاوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەچێتە چوارچێوەی بودجەی 2026. هاوکات بڕیاریدا فڕۆکەیەک بۆ هێنانەوەی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا بنێرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتی هادی عەلی لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و پرسی مووچە، بودجە و خزمەتگوزارییەکانیان تاوتوێ کرد.
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، سەبارەت بە مووچەی فەوتاوی مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی راگەیاندوون: "بودجەی 2025 داخراوە و کارە داراییەکانی ساڵی رابردووی حکومەت کۆتایی هاتووە، بۆیە دەبێت ئەو کێشەیە لە بودجەی ساڵی 2026 چارەسەر بکرێت."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەو 100 کۆچبەرە کوردەی لە لیبیا گیریان خواردووە؛ لەوبارەیەوە سوودانی رەزامەندیی دەربڕی و بڕیاری دا فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ هێنانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.
لەبارەی خەرجنەکردنی ئەو 3 ملیار دینارەی بۆ قەزای چەمچەماڵ تەرخان کرابوو، سوودانی شاندەکەی راسپارد لە وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ خەرجکردنی بکەن. بۆ پرسی 30 هەزار بەرمیل نەوتەکەش بۆ دانیشتووانی هەڵەبجە، سەرۆکوەزیران داوای کرد نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی نەوت بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جووتیاران، سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەت کێشەی سیولەی هەیە و ئەولەوییەتیان مووچە و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بووە، بەڵام بەڵێنی داوە مانگانە بەشێک لە پارەی جووتیاران خەرج بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ