رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی گێچەڵکردن بە کچێک لە بەسرە گرتووەتەدەست؛ کچەکە سکاڵای لای ئەوان تۆمار کردووە، 17 کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون و بەدوای کەسانی دیکەشدا دەگەڕێن.
دیمەنی گێچەڵ و هێرشکردنە سەر کچێک لە کۆڕنیشی پارێزگاى بەسرە لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە، هێشتا لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق دەستاودەست دەکرێت، هەرچەندە رووداوەکە لە شەوی سەری ساڵی 2026 روویداوە.
رێکخراوەکانی بەرگری لە ژنان، مافی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکان و ناوەندە فەرمییەکان لەسەری هاتنە دەنگ، هەندێکیان سەرکۆنەیان کرد و هەندێکی دیکە لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد.
سەرقاڵبوونی رای گشتی لە عێراق و بەتایبەت لە بەسرە، وایکرد هێزە ئەمنییەکان رێکار لە دژی ئەوانە بگرنەبەر کە ئەگەر هەیە دەستیان لەو رووداوەدا هەبووبێت.
عەقید عەزیز هاشم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کچەی تاوانەکەی بەرامبەر کراوە سکاڵای تۆمار کردووە و 17 کەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرکراون، هەندێکیان خەڵکی بەسرە نین."
دیمەنەکانی ئەو رووداوەی بەسرە وایکرد کاردانەوەکان لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاڕاستەی ئەو پارێزگایە بێت. ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە پێیوایە کە رووداوەکە لە قەبارەی خۆی گەورەتر کراوە و رێگە نادەن گەنجی شارەکەیان بە "دڕندە" وێنا بکرێن.
نووسینگەی مافی مرۆڤی شارەکە لە راگەیێنراوێکدا داوای کرد لە دوای ئەو رووداوە، چاو بە رێکارەکان لە بەڕێوەبردنی بۆنەکان لەو پارێزگایە بخشێنرێتەوە.
ئوسامە سەعد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو 17 کەسەی دەستگیرکراون لەژێر لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکاندان، ئەنجوومەنی پارێزگاش لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی ئەو دۆسیەیە پێکهێناوە."
لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە دراوەتە دەست دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، میدیای فەرمیی عێراق لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بەربرسی ئەو دەزگایەوە رایگەیاندووە، ئەو کچەی گێچەڵی پێکراوە، لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی نیشتمانی سکاڵای تۆمار کردووە و بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەش کە رۆڵیان لەو رووداوەدا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ