رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایدەگەیێنێت، گەڕانەوەی عێراقییەکانی کەمپی هۆل تاوەکو چوار بۆ شەش مانگی دیکە دوادەکەوێت.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 05-03-2025 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئێستا نزیکەی 3500 عێراقی کە لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە، لە پرۆسەی شیاندنەوەدان.
ئەوانەی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە، لە کەمپی جەدعە جێگیر کراون، کە دەکەوێتە باشووری شاری موسڵ، ئێستا ناوی سەنتەری هیوا-ی لێنراوە. دوای شیاندنەوەیان، تێکەڵ بە کەسوکار و کۆمەڵگە خۆجێییەکانی خۆیان دەکرێنەوە.
بە گوتەی گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، پرۆسەی شیاندنەوەی ئەمانە، پێویستی بە چوار بۆ شەش مانگە، تاوەکو ئەو ماوەیە تەواو نەبێت، ناتوانن پێشوازی لە کاروانی دیکە بکەن، کە لە کەمپی هۆڵە دەگەڕێندرێنەوە.
دوایین کاروانی عێراقییەکانی کەمپی هۆل لە 23ی مانگی رابردوو بوو، کە 165 خێزان بوو لە 605 کەس پێکهاتبوون. ئەمە 24ـەمین کاروانی عێراقییەکان بوو، کە لە کەمپی هۆلەوە بگەڕێندرێنەوە.
بەڵام عەلی جەهانگیر دەڵێت، هەندێک هەڵاوێردن دەکرێت بۆ کەسانی نەخۆش، یاخود دۆخێکی تایبەت، بەڵام ئەمانەش ژمارەیان کەمە.
لە 2021ـەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 13 هەزار کەس گەڕێندراونەتەوە، نزیکەی 15 هەزاری دیکەش لە کەمپی هۆل ماون.
کەمپی هۆل، بە کەمپی کەسوکاری چەکدارانی داعش دەناسرێت، دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سووریاى دیموکرات – هەسەدەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ