دەروازە سنوورییەکان لە دوو مانگدا دەستی بەسەر 400 ئۆتۆمبێلی نایاسایی دا گرتووە

05-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە دوو مانگدا بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر، 46 کەس دەستگیر دەکات. دەستیش بەسەر نزیکەی 400 ئۆتۆمبێل دا دەگرێت، کە هەوڵدراوە بە نایاسایی بهێنرێنە عێراق.
 
عەلا‌ئەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات دا، 46 کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
 
لە دەروازەی بەندەری ئوم قەسری باکوور لە پارێزگای بەسرە، زیاتر لە 400 ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەردا گیراوە، کە مۆدێلیان رێگەپێدراو نەبووە بۆ هاوردەکردن، لەگەڵ 55 ئۆتۆمبێلی بڕاوەدا. 
 
لە هەمان دەروازە دا، دەستگیراوە بەسەر 25 کۆنتێنەر، کە دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکیی جۆراوجۆریان تێدابووە.
 
بە گوتەی عەلائەدین قەیسی، زیاتر لە 3 ملیار و 175 ملیۆن دیناری عێراقی گەڕێندراوەتە بۆ بودجەی دەوڵەت، ئەوەش دوای ئەوەی دەستگیراوە بەسەر بارێکی گەورەی قاچاخی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا، کە لەناو 8 کۆنتێنەردا شاردرابوونەوە، بۆ ئەوەی گومرگەکەی کەم بکرێتەوە لە بڕە راستەقینەکەی کە 2 ملیۆن و 830 هەزار دیناری عێراقی بووە.
 
لە دەروازەی سنووری زڕباتییە لە سنووری پارێزگای واست، سێ ئۆتۆمبێل لە خاڵی پشکنین و لێکۆڵینەوە لە دەرەوەی گومرگ دەستیان بەسەرداگیراوە، کە دەرمانیان تێدابوو، لەگەڵ دەستگیرکردنی باندێک کە تایبەت بوون بە قاچاخی ئۆتۆمبێلی ئەورووپی کە پێکهاتبوون لە سێ کەس (دوو عێراقی و بیانییەک).
 
ئاماژەی بەوەشکرد، رێگری کراوە لە بە قاچاخبردنی حوشتر لە دەروازەی تریبیل (سنووری عێراق-ئوردن) بۆ دەروازەی سەفوان لە بەسرە. دەستگیراوە بەسەر 1815 دەرزی کە لەنێو کەلوپەلدا شاردرابوونەوە.
 
هەر لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا، بەهۆی بوونی سەرپێچیی گومرگییەوە، 366 کەیسی گومرگی لە دەروازەکانەوە رەوانەی دادگە کراون.
 
112 تۆمەتبار دەستگیرکراون و بەهۆی سەرپێچیکردنی مەرجەکانی مانەوە 208 کەس دوورخراونەتەوە، 18 سەرپێچیی قاچاخی پارە و 46 کەسی دیکە بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەنێویاندا ژن هەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە