رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا عێراق دەستی بە جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی کردووە، حکومەتی فیدراڵی هیواخوازە قەرەباڵخیی نێو زیندانەکان کەم بێتەوە کە بە گوتەی خالید شوانی، وەزیری داد، زیاتر لە دوو هێندەی توانای دیاریکراوی خۆیان بەندکراویان تێدایە.
خالید شوانی بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسیی ئەمریکی راگەیاند، 35 بەندیخانەکەی عێراق نزیکەی 65 هەزار بەندکراویان تێدایە، وێڕای ئەوەی تەنیا بۆ لەخۆگرتنی نیوەی ئەو ژمارەیە دروستکراون.
وەزیرەکە دان بەوەدا دەنێت کە قەرەباڵخییەکە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر چاودێریی تەندروستیی بەندیخانەکان و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ.
خالید شوانی دەڵێت: "کاتێک دەستبەکاربووین، قەرەباڵخی 300% بوو. دوای دوو ساڵ لە چاکسازی، بۆ 200% دامانبەزاند. ئامانجمان ئەوەیە تاوەکو ساڵی داهاتوو بیگەیێنینە 100% بۆ ئەوەی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت."
هەزاران راگیراوی دیکە هێشتا لە دەستی دەزگا ئەمنییەکاندان و بەهۆی نەبوونی شوێنی پێویست لە بەندیخانەکان، هێشتا رادەستی وەزارەتی داد نەکراون. خالید شوانی گوتی، چوار بەندیخانەی نوێ لە قۆناخی دروستکردندان، لە کاتێکدا سێ بەندیخانە لە ساڵانی رابردوودا داخراون. دوو بەندیخانەی دیکە کراونەتەوە و شەشی دیکەش فراوانکراون.
یاسای لێبووردنی گشتی کە لە کانوونی دووەم واتە مانگی یەک پەسەندکرا، پشتیوانیی بەهێزی پەرلەمانتارە سوننەکانی هەبوو کە دەڵێن سوننە مەزهەبەکان بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ کراونەتە ئامانجی تۆمەتی تیرۆر و هەندێ جاریش لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانیان لێ وەرگیراوە.
بەڵام بەشێک لە دژبەرەکان دەڵێن یاساکە رێگەخۆشکەرە بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی لە گەندەڵی و بەهەدەردان تێوەگلاون و ئەو چەکدارانەشی تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە.
روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە گرووپێکی چاودێرییە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لێکەوتە یاسایی و ئەمنییەکانی دەقی ئێستای یاسای لێبووردنی گشتی، نیگەرانیی گەورە لە خۆدەگرێت."
خالید شوانی گوتی، دوو هەزار و 118 بەندکراو لە بەندیخانەکانی وەزارەتی داد ئازادکراون، لەو کاتەوەی یاسای لێبووردنەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە لە لایەن دەزگە ئەمنییەکانەوە ئازادکراون پێش ئەوەی رادەستی وەزارەتی داد بکرێن.
وەزیری دادی عێراق گوتی: "لیژنەیەکمان هەیە لێکۆڵینەوە لە دۆخی بەندکراوان دەکات و ئەو کەسانە دەستنیشان دەکات کە رەنگە شایستەی ئازادکردن بن"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکات "ژمارەیەکی باش" ئازاد بکرێن، بەڵام "ناتوانین ژمارەیەکی دیاریکراو دەستنیشان بکەین تاوەکو روونکردنەوەمان لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە پێدەگات سەبارەت بەوەی کێ لێبووردنەکە دەیگرێتەوە."
بەندیخانەکانی عێراق سەدان هاووڵاتیی بیانییان تێدایە، کە زۆربەیان تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر یان هەبوونی پەیوەندی بە گرووپە چەکدارەکانی قاعیدە و داعشیان بەسەردا ساخبووەتەوە.
بەندکراوەکان خەڵکی وڵاتانی وەک کیرگیزستان، کازاخستان، ئازەربایجان، تورکیا، میسر، وڵاتانی باکووری ئەفریقا و چەندین وڵاتی ئەورووپین، هەروەها ژمارەیەکی کەم هاووڵاتیی ئەمریکیشان تێدایە.
خالید شوانی گوتی، گفتوگۆیان لەگەڵ چەندین وڵات بەردەوامە بۆ ناردنەوەی هاووڵاتییەکانیان، بەڵام ئەوانە ناگرێتەوە کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.
وەزیری دادی عێراق گوتی، ژمارەیەک بەندکراو بە پێی رێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ ئێران، تورکیا و بەریتانیا رەوانەکراونەتەوە، لەنێویاندا 127 بەندکراوی ئێرانی کە بەم دواییانە رەوانەی تاران کرانەوە.
بەڵام شوانی گوتیشی، ئێرانییەک کە بە کوشتنی هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە ساڵی 2022 لە بەغدا تاوانبارکرابوو، هێشتا لە بەندیخانەدایە.
ستیڤن ئێدوارد ترۆوڵی تەمەن 45 ساڵ خەڵکی تێنێسی بوو، لە ماگی تشرینی دووەمی 2022 لەلایەن چەند هێرشکارێکەوە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژرا، کاتێک گەیشتە ئەو شەقامەی لە گەڕەکی کەرادەی نێوەڕاستی بەغدا لەگەڵ خێزانەکەی تێیدا دەژیا.
هاووڵاتیی ئێرانی محەممەد عەلی رەزا، لەگەڵ چوار کەسی عێراقی، بە کوشتنەکە تاوانبارکران.
خالید شوانی گوتی، دوای دەرچوونی یاسای لێبووردنی گشتی، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان وەستاوە.
عێراق رووبەڕووی رەخنەی گرووپەکانی مافی مرۆڤ دەبێتەوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و بەتایبەتیش سەبارەت بە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی پارێزەران یان ئەندامانی خێزانی بەندکراوان، کراون.
خالید شوانی بەرپەرچی رەخنەکانی دایەوە سەبارەت بە دۆخی بەندیخانەکان و لەسێدارەدان و گوتی: "رێوشوێنی تووند هەیە بۆ هەر پێشێلکارییەک کە بەرامبەر بەندکراوان بکرێت. زۆر کارمەند رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون، دەرکراون و دادگایی کراون."
خالید شوانی پێداگری کرد کە "ژمارەی ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە، سنوردارە؛ هێندە زۆر نییە وەک لە میدیاکاندا باس دەکرێت" و گوتی، سزای لەسێدارەدان تەنیا بۆ "ئەو تاوانانەدا جێبەجێ دەکرێت کە هەڕەشەی گەورە لە ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتیی گشتی دەکەن،" لەنێویاندا ئەو بەندکراوانەی بە تەقینەوەکەی ساڵی 2016ی گەڕەکی کەرادەی بەغدا تاوانبارکراون کە بووە هۆی کوژرانی سەتان کەس، هەروەها دۆسیەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی داعش.
خالید شوانی باس لەوە دەکات، لەسێدارەدان وەستێنراوە بۆ ئەوەی بەپێی یاسای لێبووردنە نوێیەکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆسییەکان بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ