لە میسان ئاستی سوێریی ئاو بۆ 20 هێندە بەرزبووەتەوە و هەزاران ماسی لەنێوچوون

06-07-2023
ئەنمار غازی
لەنێوچوونی ماسی لە میسان
لەنێوچوونی ماسی لە میسان
نیشانەکردن ماسی میسان
A+ A-

رووداو  میسان

لە کەناری رووباری عز لە پارێزگای میسان، دوای ئەوەی رێژەی سوێریی ئاو بۆ 20 هێندە بەرزبووەوە، سێ تۆن ماسی لەنێوچوون، ئەمە جگە لە دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی رووبارەکە.
 
ماسیگران بە نیگەرانییەوە باس لە لەدەستدانی تاکە سەرچاوەی بژێویی ژیانیان دەکەن و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن چارەسەرێکی راستەقینە بۆ دۆخە کارەساتبارەکەیان بدۆزنەوە، کە بووەتە هۆی کۆچکردنی دەیان خێزانی ناوچەکە. 
 
رەزاق سەلمان داوود، ماسیگر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئاو نییە، ماسییەکان لەنێوچوون و نەمان، ئەوانەیشی ماون بە ئاوی تانکەر دەیانژیێنین. ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت و ئاو دابین نەکرێت، ئێمەش ناچارین بۆ شوێنێکی دیکە کۆچ بکەین، چونکە (راوەماسی) تاکە سەرچاوەی بژێویمانە". 
 
ماسیگرێکی دیکە بەناوی جەبار حوسێن دەڵێ "پێشتر 20-30 هەزار دینارمان دەستدەکەوت و قووتی رۆژانەی خێزانەکانمان دابین دەکرد، بەڵام نەمانی ماسی، واتە نەمانی بژێوی و قووتی رۆژانەمانە. داوا لە حکومەت دەکەین یارمەتیمان بدات". 
 
سەرباری لەنێوچوونی ماسییەکان، بەهۆی کەمئاوی و وشکەساڵیی هاوینی ئەمساڵ، هەزاران جووتیار دەستبەرداری کشتوکاڵ بوون. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی میسان دەڵێت، 17 هەزار جووتیار دەستبەرداری کشتوکاڵ بوون.
 
عەلا عەبد موحسین یاسین، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان گوتی "پلانی کشتوکاڵی هاوینی ئەمساڵ هەڵوەشایەوە. تەنیا ئەو زەوییانە دەچێنرێن، کە پشت بە ئاوی بیر و سیستەمی پێشکەوتووی ئاودێریی دەبەستن. پێشتر زیاتر لە 150 هەزار دۆنم گەنمەشامی زەرد و سپی و سەوزە دەچێنران. ئەمساڵ پلانی چاندنی گەنمەشامی هەڵوەشایەوە و تەنیا 2800 دۆنم زەوی دەکرێتە سەوزە". 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ژینگە، رێژەی پیسبوونی ئاوی رووباری دیجلە 90٪ـی تێپەڕاندووە، سەرباری ئەم رێژە زۆر مەترسیدارەش، کەچی تاوەکو ئێستا چارەسەری راستەقینەی بۆ نەکراوە. 
 
دۆخی رووباری عز کارەساتبارە، رێژەیەکی زۆر ماسی لەنێوچوون. ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ژینگە و دۆخی مرۆیی لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی قەیرانی ئاو لە عێراق. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە