موحسین رەزایی جەخت لە پشتیوانیی ئێران بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی عێراق دەکات

05-08-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئێران تاران ئیبراهیم رەئیسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ موحسین رەزایی، سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران کۆبووەوە، رەزایی ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکەی پشتیوانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقە.
 
کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح و موحسین رەزایی لە شوێنی حەوانەوەی سەرۆککۆماری عێراق بووە لە تاران لە چوارچێوەی بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، "لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتیی پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاجیاکان کە لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆستدا بێت."هەروەها باس گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کراوە و جەختکرایەوە لە "گرنگیی کەمکردنەوەی بارگرژییەکان لە رێگەی دیالۆگ و گفتۆگۆ."
 
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاندووە، عێراق کار دەکات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە هاوسەنگەکانی و پشتیوانیکردن لە بەیەکگەیشتن و دیالۆگ لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی لە تەواوی ناوچەکەدا.
 
لای خۆییەوە موحسین رەزایی "پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دووپاتکردەوە، هەروەها هەوڵەکانی عێراقی بۆ هێورکردنەوەی تەنگژەکانی ناوچەکە بەرزنرخاند."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە