کۆمپانیای نەوتی باکوور 13 هەزار فەرمانبەری هەیە و کورد کەمترینە تێیدا

06-07-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکووک
کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کورد لەنێو کۆمپانیای نەوتی باکوور، لەدوای عەرەب و تورکمان و کریستیانەکانی پارێزگای کەرکووکەوەیە. سەرەڕای ئەوەش، هەنگاوی خێرا و بەردەوام دەنرێت، بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کورد و تورکمان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور و زیادکردنی رێژەی عەرەب.
 
13 هەزار فەرمانبەر و کرێکار لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کاردەکەن. لەو ژمارە زۆرە، رێژەی کورد تەنیا 7٪ـە و لە ریزبەندی چوارەمە لەدوای عەرەب، تورکمان و کریستیان. نزیکەی 20 ساڵە کورد هەوڵی بەردەوام دەدات تاوەکو رێژەکەی بەرزبکاتەوە، بەڵام هەوڵەکان تاوەکو ئێستا بێئەنجام بوون. 
 
شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز قسەمان کردووە تاوەکو گۆڕانکاری بکرێت و لەکاتی گۆڕانکارییەکاندا هەماهەنگی لەگەڵ ئێمەدا دەکرێت تاوەکو بزانین چۆن و لە چ شوێنک گۆڕنکاری دەکرێت و تەواو پۆستەکانی ئەو کۆمپانیایە بگرێتەوە و ئەو نا یەکسانییەی لەوێ هەیە چاکبکرێتەوە بەتایبەتی پشکی کورد کە رێژەیەکی زۆر کەم بوونی هەیە."
 
حیزبە تورکمانییەکان لەسەر رێژەی پێکهاتەکەیان بێدەنگییان هەڵبژاردووە و تاڕادەیەک بە دۆخەکە رازین. لایەنە عەرەبییەکانیش کە پشکی شێریان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور هەیە، دژی گۆڕانکارین و دەڵێن: هەنگاوی لەو شێوەیە کێشە دروستدەکات.
 
حاتم تائی، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکگرتووی عەرەبی دەڵێت، "سەبارەت بە کۆمپانیای نەوتی باکوور، هاوشێوەی کۆمپانیاکانی دیکە یەکسانییەکی باش هەیە و ئومێد دەکەین ئەو یەکسانییە لە کۆمپانیاکانی دیکەش هەبێت و نەکرێتە بابەتی هەڵبژاردن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و ورژاندنی لە راگەیاندنەکان، گرنگ ئەوەیە ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە بپارێزرێت." 
 
بەپێی سیستمی کۆمپانیای نەوتی باکوور، دامەزراندن بۆ هەمیشە لەنێو بنەماڵەیەکدا دەمێنێتەوە؛ واتە ئەگەر هاتوو فەرمانبەرێکی کۆمپانیاکە خانەنشین بوو یاخود کۆچی دواییکرد، کوڕ یاخود کچی لەجیاتی دادەنرێت، ئەگەر منداڵی نەبوو، برا و برازاکانی لە شوێنەکەی دادەمەزرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە