ئەبو ئالا وەلائی دەڵێت، 'خاوەنی خوێنین'

08-02-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، "خاوەنی خوێنین."
 
کاژێر 21:35 خولەکی رۆژی 7ـی شوباتی 2024، لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا ئۆتۆمبێلێکی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبوو باقر ساعیدی بە درۆن کرایە ئامانج. 
 
ئەبوو باقر ساعیدی فەرماندەیەکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق بوو، ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە عێراق لە ئێکسێکدا نووسی "خاوەنی خوێنین." قسەکەی ئەو فەرماندەیە بە واتای ئەوە دێت کە خۆیان بە خاوەنی ئەو کوژراوەی حیزبوڵڵا دەزانن. 
 
لە سەرەتایی رووداوەکان هەندێک زانیاریی بڵاوبوونەوە و ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج، زیاتر لە کەسێکی تێدا بووە، کە یەکێکیان ئەو فەرماندە باڵایەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق.
 
دوای هێرشەکە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم، بەرپرسیاریێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، ئەو هێرشە لە تۆڵەی هێرشەکانیان بووە بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە.
 
خەڵک و هێزێکی زۆر لە نزیک شوێنی بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێلەکە کۆبوونەوە و هوتافیان لەدژی هێزەکانی ئەمریکا گوتەوە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، تیمێکی تەکنیکی پسپۆڕ و تایبەتمەند دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە لەبارەی بە ئامانجکردنی ئۆتۆمبێلێکی سڤیل لە بەغدا. 
 
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، یەکێکە لە بەهێزترین گرووپە چەکدارییەکانی نێو عێراق، ساڵی 2003 دامەزرا. ئەبو مەهدی موهەندیس سەرۆکی بوو. ئێستا ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتییەتی.
 
ئەو هێزە بە کوشتنی دەیان سەربازی ئەمریکی لە عێراق تۆمەتبار دەکرێن. ساڵی 2009 لە لایەن ئەمریکاوە وەک رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێنکرا.
 
رۆژی هەینی کاژێر 12:00ـی شەو بە کاتی هەولێر "لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا"، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەودا، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و "گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران".   
 
لەو هێرشانەدا 17 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و 35 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە