رووداو دیجیتاڵ
لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی کارەبا و گازی سرووشتیی ئێران لەلایەن عێراقەوە کۆتایی هات. لێکۆڵینڤانێکی باڵای پەیمانگەی واشنتن لە راپۆرتێکدا دەڵێت، تەنانەت ئەگەر واشنتن لێخۆشبوونەکە درێژنەکاتەوە، ئەوا بەغدا دەتوانێت لەسەر پێیەکانی بوەستێت و واز لە گازی سرووشتی و کارەبای تاران بهێنێت.
مایکڵ نایتس، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی واشنتن و هاودامەزرێنەری پلاتفۆرمی "میلیشیا سپۆتلایت" لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی، رۆژی هەینی، 7ـی ئادار مۆڵەتە 120 رۆژییەکەی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بۆ لێخۆشبوون لە عێراق لەوەی بەردەوام بێت لە هاوردەکردنی گازی سرووشتی و کارەبای ئێران بەردەوام بێت، کۆتایی دێت. دەشڵێت، لێخۆشبوونەکانی پێشووی حکومەتی ئەمریکا هاوکاربوون لەوەی عێراق لەو ماوەیەدا کەرتی وزەی وڵاتەکەی باشتر بکات و "بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت".
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بەرامبەر تاران پەیڕەو دەکات، بەو هۆیەوە ئەگەری زۆرە رێگەپێدانەکە بۆ عێراق درێژ نەکەنەوە. نایتس ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ئیدارەی ئەمریکا کۆتایی بەم رێگەپێدانە بهێنێت، چونکە عێراق نزیکتربووەتەوە لە سەربەخۆیی وزە و ئێرانیش کێشەی کورتهێنانی کارەبا و گازی سرووشتی هەیە.
ئەو لێکۆڵینڤانە داوا لە حکومەتی ئەمریکاش دەکات، ئەم هاوینە هاوکاری عێراق بکات بۆ ئەوەی بتوانێت "لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت".
بە گوتەی عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران، وڵاتەکەیان 20 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای هەیە. کورتهێنانی گازیش لەو وڵاتە گەیشتووەتە 64 ملیار مەتر سێجا.
ساڵی 2011، واشنتن ژمارەیەک سزای بەسەر بانکی ناوەندی ئێران و کەرتی وزەی ئێراندا سەپاند. ئەمریکا لەو سزایانەدا قەدەخەی خستبووەسەر هاوردەکردنی وزەی ئێران، بەڵام لێخۆشبوونیشی بۆ ژمارەیەک وڵات، لەنێویاندا عێراق، دەرکرد، ئەم کارە لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاشدا دەکرا.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لێخۆشبوونەکانی واشنتن بەهۆی ئەوەوە بووە کە عێراق کورتهێنانێکی گەورەی لە کارەبا و گازی سروشتیدا هەبووە و ئێرانیش باشترین بژارە بووە بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ دراوسێکەی.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پێشتر عێراق 1.2 گێگاوات کارەبای لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد. ئەو بڕە گازە سروشتییەی لەو وڵاتەشەوە هاوردەی دەکرد بەس بوو بۆ بەرهەمهێنانی 8.8 گێگاوات کارەبا. ئەم 10 گێگاواتەش نزیکەی 40٪ـی کۆی کارەبای عێراقی پێکدەهێنا.
نادڵنیایی وزەی ئێران و سەربەخۆیی عێراق
نایتس لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ئەم هاوینە عێراق دەیەوێت 28 گێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت، بەڵام ئەمە 60-75٪ی کۆی خواستە لەسەر کارەبا. جەختی لەوەش کردەوە، ئەم زستانە ئێران هەناردەی کارەبای بۆ عێراق دوو لەسەر سێ و گازی سروشتی بە رێژەی 85٪ کەمکردەوە و پێشبینیش دەکرێت لە وەرزی هاوینیشدا ئەو کارە بکاتەوە.
ئەو لێکۆڵینڤانە وێنەکە روونتر دەکاتەوە و دەڵێت، بەبێ ئەوەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی پێبدرێت، بەغدا توانی بەشێکی زۆری نەمانی کارەبا و گازی سروشتیی ئێران چارەسەر بکات، چونکە حکومەت 3.3 گێگاوات کارەبای لە رێگەی بەکارخستنەوەی بەشە جیاوازەکانی سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەباوە دەستخستەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەگەر عێراق بتوانێت ئەو وێستگانەی بە گازی سروشتنی ئێران کاریان دەکرد بە نەوتی رەش و گازی ناوخۆیی کاربکەن، ئەوا دەتوانێت لەو کارەبایەی لە گازی سروشتی ئێرانەوە دەستیدەکەوێت، 8.1 گێگاواتی بەرهەمبهێنێتەوە. نایتس گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە گەورەترین رێگری بەردەم ئەو کارە دادەنێت بەوەی رێگە بە گەیشتنی ئەو نەوت و گازە بە وێستگەکان نەدەن و بۆخۆیان هەناردەی بکەن.
بژاردەکانی بڕیاربەدەستانی ئەمریکا
نەمان یان لاوازبوونی "تۆڕی هەڕەشەکانی ئێران"، لەوانە حەماس، حیزبوڵڵا و رژێمی ئەسەد بەو مانایەیە کە دەکرێت دەستی ئێران لە عێراقدا لاواز بێت، ئەمە تەنیا لە دۆخێکدا کە ترەمپ بەردەوام بێت لە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بەرامبەر ئێران.
بە گوتەی لێکۆڵینڤانەکە، ئێستا سەرکردەکانی عێراق چاوەڕێی ئاماژەیەکن کە ئیدارەی ترەمپ سیاسەتێکی جیاواز و بەهێزتر لە ئیدارەی بایدن سەبارەت بە عێراق هەبێت.
زۆر بابەتی گرنگ لەسەر تێڕوانینی میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەن کە عێراق بەڕێوەدەبەن: ئایا دەبێت بارمتە ئیسرائیلییەکە ئازاد بکەن کە تیمی ترەمپ هەوڵی ئازادکردنی دەدات؟ دەبێت ڕێز لەو گرێبەستانە بگرن کە لەگەڵ وەبەرهێنەرانی ئەمریکا لە کوردستانی عێراق واژۆیان کردووە؟ پێویستە عێراق گازی سروشتیی ئەمریکی یان گازی ئێرانی هاوردە بکات؟ هەروەها ئایا عێراق فەرمانی دەستگیرکردن لەسەر خودی سەرۆک ترەمپ لەسەر فەرمانی کوشتنی سەرکردە "تیرۆریستییەکان" لەسەر خاکی عێراق لادەبات؟
شوباتی ئەم ساڵ ترەمپ یاداشتنامەی سەرۆکایەتی بۆ ئاسایشی نیشتمانی واژۆکرد کە تێیدا هاتووە، "پێویستە وەزیری دەرەوە هەموو جۆرە لێخۆشبوونێکی سزاکان (لەوانە کڕینی گازی سروشتی و کارەبای ئێران لەلایەن عێراقەوە) رابگرێت یان هەڵبوەشێنێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە سوودی ئابووری و دارایی بە ئێران دەگەیێنن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ