رووداو دیجیتاڵ
دادگای تاوانەکانی نەینەوا سزای لەسێدارەدانی بەسەر پزیشکێکدا سەپاند، کە پار لە شاری موسڵ ئاگری لە جەستەی هاوژینەکەی بەردا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8-02-2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگای تاوانەکانی نەینەوا سزای لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار (ئیسماعیل عەتییە) دەرکردووە، کە پیشەی پزیشکە. سزاکە بەهۆی کوشتنی هاوژینەکەیەتی بەناوی (ئیسراء عەزام سلێمان) کە ئەویش پزیشک بووە.
سەبارەت بە وردەکاریی تاوانەکە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "تاوانبارەکە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی 2025، لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بەنزینی کردووە بەسەر هاوژینەکەیدا و بە ئەنقەست ئاگری تێبەرداوە."
بەگوێرەی دادگاکە، هەرچەندە هەوڵی رزگارکردنی پزیشکە ژنەکە درا، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانی و زۆریی رێژەی سووتانەکەیەوە، سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2026 گیانی لەدەستدا.
سزای لەسێدارەدانەکە بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969 دەرچووە.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە رۆژی 13-12-2025 لە گەڕەکی (نەڕگاڵ) لە بەری چەپی شاری موسڵ روویدابوو. دواتر هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە تۆمەتبارەکەیان لە ناوچەی سەرجەخانەی شارەکە دەستگیرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ