رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 09:35ی رۆژی هەینی، 5-3-2021، پاپا فرانسیس 266ـەمین پاپای ڤاتیکان، لە فڕۆکەخانەی فیومیچینۆ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیاوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و کاژێر 02:00ـی دواینیوەڕۆ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا. دواتر لە هۆڵی ڤی ئای پی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، پاپا فرانسیس و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کازمی، بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتیی لە بەغدا (کۆشکی ئاشتی) بەڕێکەوت و لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیی لێکرا و دواتر کۆبوونەوە.
رۆژی شەممە 6-3-2021 پاپا فرانسیس سەردانی شاری نەجەفی کرد و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شيعەکانی عێراق کۆبووەوە. هەمان رۆژ پاپا فرانسیس سەردانی شاری ئوور، شاری شارستانیەت و مێژوو، شار و شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمی لە ناسریە کرد.
لە کاژێر 07:45 خولەکی بەیانیی رۆژی یەکشەممە 7-3-2021 پاپا فرانسیس لە بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت کاژێر 8:10 خولەکی بەیانی گەیشتە هەرێمی کوردستان و فڕۆکەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر نیشتەوە، لە فڕۆکەخانە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پیاوانی ئایینە جیاوازەکانی کوردستان پێشوازی لێکرا.
پاپا فرانسیس لە هۆڵی فڕۆکەخانە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا فرانسیس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان به ناوى ههموو پێكهاتهكانى گهلى كوردستانهوه بەخێرهاتنی کرد و گوتی، پێكهاتهكانى كوردستان ساڵانێكى زۆر پێكهوه بهرهنگارى دیكتاتۆرى و تيرۆر بوونهوه. پاپا فرانسیسیش پێی گوتووە، "ئێوە پاکن، دەستى بەزەییتان بۆ هەمووان درێژ کردووە، بۆ منیش نزا بکەن".
پاپا فرانسیس لە بەشێکى قسەکانیدا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت، "زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لێتان کردین. زۆر دەمێک بوو دەمویست سەردانى هەرێمى کوردستان بکەم و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بە دەنگ بانگهێشتەکانتانەوە هاتم. زۆر پێزانینم هەیە کە وێڕاى ئەوەى لە شەڕدا بوون، بەڵام پێشوازیتان لە ئاوارە مەسیحییەکان لە موسڵ و دەشتى نەینەوا و قەرەقۆش و لە پێکهاتەکانى دیکە کرد. ئێوە باوەشتان بۆ کریستیانەکان کردووەتەوە".
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان "بڕواى تهواومان به ئازاديى ئايينى و فرهئايينى ههيه. لێبوردهيى و پێكهوهژيان و يهكدی قبووڵكردنى نێوان پێكهاتهكان، ناسنامه و كولتوورێكى دێرينى كوردستانه، به ههموو شێوهيهك پارێزگارى لهو كولتووره دهكهين".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئێمه ههميشه لهگهڵ ئاشتى و ديالۆگين، تيرۆر و تووندڕهوى رهتدهكهينهوه، ههرگيز رێگه نادهين هيچ پێكهاتهيهكى ئايينى يان نهتهوهيى له ههرێمى كوردستان، ببێته قوربانيى تيرۆر و تووندڕهوى".
پاپای ڤاتیکان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەولێر بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت "هاتووم تاوەکو پێکەوە لەگەڵ ئێوە نزا بۆ ئێوە و بۆ کریستیانەکان و بۆ هەموو مرۆڤایەتى بکەین. دووژمن هات بۆ ئەوەى ئەم وڵاتە تێکبدات، بەڵام ئێوە بە رەسەنیى خۆتان خزمەتتان کرد و پێشوازیتان لە ئاوارەکان و پێکهاتەکانى دیکە کرد. شەڕ رووخاندن و وێرانکردنە، بەڵام ئێوە دووژمنتان بەزاند و وڵاتەکەتان ئاوەدان دەکەنەوە".
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا پاپا فرانسیس ئاماژەی بەوە کردووە، "هاتووم موبارەکەى ئەم خاکە بکەم. ئێوە پاکن، دەستى بەزەییتان بۆ هەمووان درێژکردووە، بۆ منیش نزا بکەن. سوپاس بۆ هەموو ئەوەى لەگەڵ هەموو ئایینەکان و هەموو پێکهاتەکان دەیکەن. لە کوردستان ئازادى بەرقەرارە. دووبارە سوپاس بۆ پێشوازیى گەرم و میوانداریتان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ژیان لە هەرێمی کوردستان باسی ئەوەی بۆ پاپا فرانسیس کرد، "پێكهاتهكانى كوردستان ساڵانێكى زۆر پێكهوه بهرهنگارى دیكتاتۆرى و تيرۆر بوونهوه. پێكهوه قوربانيى زۆر گهورهيان داوه. ههموومان پێكهوه رابردوويهكى هاوبهشمان ههيه. ههموومان بۆ ئايیندهيهكى هاوبهشى باشتر، پێكهوه كاردهكهين".
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "فرهيى و پێكهاته ئايينى و نهتهوهيييهكان بۆ ههرێمى كوردستان هێز و دهوڵهمهندين. نامانهوێت مهسيحى و ئێزدى و هيچ پێكهاتهيهك كۆچ بكهن و وڵات جێبهێڵن".
دواتر هەر لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پاپا فرانسیس لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە، پاپا فرانسیس سوپاسی سهرۆک بارزانی كردووە بۆ پاراستنی پێكهاته ئایینی و نهتهوهییهكان له ههرێمی كوردستان.
لە راگەیێندراوی بارەگای بارزانیدا هاتووە، پاپا فرانسیس بە سهرۆک بارزانی راگەیاندووە، "كوردستانم لهبیر نهچووه، لهسهر داخوازی ئێوه و سهرۆكی حكومهتی ههرێم هاتوومهته ئێره و سهردانهكهی ئێوه و سهرۆكوهزیرانم لهبیر نهچووه، ئێوه نهك پێشوازی له من، پێشوازیشتان له كریستیانهكانیش كرد".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان پاپا فرانسیس بە هەلی کۆپتەر بەرەو پارێزگای نەینەوا بەڕێکەوت و سەردانی ناوچەی هەبوتی کرد لە کەنیسەی موسڵ نوێژی بۆ قوربانیانی شەڕی داعش کرد. دواتر سەردانی شارۆچکەی قەرەقوشی کرد و لە کەنیسەی تاهیرە ئەلکوبرا بەشداریی لە رێوڕەسمێکی ئایینی کرد.
بۆ نیوەڕۆی هەمان رۆژ پاپا فرانسیس گەڕایەوە هەولێر سەرەتا بەنێو ئاپۆرای خەڵکی شارۆچکەی عەنکاوە گەڕایەوە هەولێر لە کاژێر 16:00ی دوانیوەڕۆی گەیشتە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر بۆ بەشداریکردن لە گەورەترین رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و نزیکەی 10 هەزار کەس، کە زیاتر لە 200 ئاژانسی هەواڵیی جیهانیی رێوڕەسمەکەیان دەگواستەوە، بە شێوەیەکی راستەوخۆش لە ڤاتیکان نیوز دەگوازرایەوە.
پاپای ڤاتیکان لە گوتارێکدا لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر سوپاسی کوردی کرد و گوتی "سوپاس و ستایشی تایبەت لە قووڵایی دڵمەوە بۆ دانیشتووانی کوردی خۆشەویست".
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان رایگەیاند "زۆر سوپاسی هەمووتان دەکەم؛ ئێوە ئەم رێوڕەسمەتان رێکخست؛ بە نوێژ و پێشوازیکردنەوە و بەوپەڕی خۆشەویستییەوە؛ سوپاس و ستایشی تایبەت لە قووڵایی دڵمەوە بۆ دانیشتوانی کوردی خۆشەویست".
هەروەها پاپای ڤاتیکان سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی مەدەنیی کرد لە بەرامبەر "رۆڵی کارای، کە زۆر دەوڵەمەندە"، گوتیشی "سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکاربوون بۆ سەرخستنی ئەم سەردانە و هەروەها بۆ خۆبەخشەکان، سوپاسی هەمووتان دەکەم".
دوای رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە، پاپا فرانسیس گەڕایەوە بەغدا و دوای مانەوەی 4 رۆژ لە عێراق و هەرێمی کوردستان و بەسەرکردنەوەی چەندین ناوچەی جیاجیای عێراق و هەرێمی کوردستان، بەیانی رۆژی دووشەممە 8-3-2021 لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆککۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەشێک لە مەترانەکانی کلد و ئاشوور و کریستیانەکانی بەغدا و بەشێک لە کاربەدەستانی حکومەت هەروەها لویس ساگۆ، مەترانی گەورەی کلد و ئاشوور لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ماڵئاوایی لە پاپا فرانسیس و شاندی یاوەری کرا و کاژێر 9:55 خولەکی بەیانی فڕۆکەکەی پاپا خاکی عێراق بەرەو رۆما جێهێشت و بڕیارە کاژێر 12:30 خولەک بگاتە رۆما لە ئیتاڵیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ