رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەممووزی 2025 لیژنەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی نەوت و مووچە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکهێندرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکە دوای ئەوە هات کە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دوو پێشنیازنامە کرد؛ یەکێکیان لەلایەن لایەنە فیدراڵییەکان و ئەوی دیکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێش کرابوو.
نووسینگەی سوودانی دەڵێت، "پێکهێنانی لیژنەکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە کە تایبەتن بە پابەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەوانەش رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی مووچەی فەرمانبەران و بەجێکردن."
لیژنە باڵاکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان پێکدێت و ئەم وەزیرانەش ئەندامن تێیدا:
- بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
- خالید شوانی، وەزیری داد
- ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی
- نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەرکی لیژنەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەردوو پێشنیازنامەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواتر راسپاردەکانی خۆی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات تاوەکو "لە نزیکترین کاتدا" بڕیاری کۆتایی بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ