رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمرۆ سێشەممە دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک بکات کە لەلایەن دوو هاونیشتمانیی کەرکووکەوە لە دژی مادەی 13ـی تایبەت بە هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک تۆمارکراوە.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی سێشەممە، 8-8-2023، دادگەکە تاوتوێی سکاڵایەک بکات، کە لەلایەن دوو کەس بەناوەکانی ئاسۆ سدیق بیبای و عەلی محەممەد ئەمین تۆمارکراوە و داوایان لە دادگە کردووە: "مادەی 13ـی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023ـی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018 بە نادەستووری بزانێت."
سکاڵاکە ژمارە 114/فیدڕاڵی/2023ـی هەیە و ئەمڕۆ دووەم دانیشتنی دادگەکە بۆ ئەو سکاڵایە بەڕێوەدەچێت.
رۆژی 17-7-2023، شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "بەپێی مادەی 13، جگە لەوەی دەنگێکی زۆری کورد لە ناوچەکانی چەمچەماڵ و دووز و چەند ناوچەیەکی دیکە دەڕوات و کەمدەبێتەوە، مادەکە رەوایەتی بە تەعریب دەدات، بۆیە ئێمە پێمانوایە ئەو مادەیە لە بەرژوەندیی کەرکووک و دەنگی کورد لەو پارێزگایە نییە و لە داهاتووشدا زیانی زۆری دەبێت."
رۆژی 27-3-2023، پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسندکرد. بەپێی هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردنەکان، سیستمی سانت لیگۆ بە 1.7 دەگەڕێتەوە و هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن و، هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەک یاسایان دەبێت.
لە رۆژی پەسەندکردنی یاساکە، لە راگەیێندراوێکدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە پەسنی مادەی 13ـی یاسای هەڵبژاردنی کرد و یەکێتیش لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حیزبە وەڵامیان دایەوە و مادەکەیان بە خراپ بۆ کوردی کەرکووک زانی.
مادەی 13ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکان لە 4 بڕگە پێکدێت، بەپێی مادەکە مادەی 35ـی یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکانی ژمارە 14ـی ساڵی 2019 هەڵدەوەشێندرێتەوە، کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارتەکانی ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان و نوێنەرانی پێکهاتەکان وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە دەکەن لەسەر بنچینەی:
- هاووڵاتیانی تۆمارکراو لە سەرژمێری ساڵی 1957، جگە لە هاووڵاتیانی ناحیەی زاب و سەرگەڕان، کە لەنێو تۆمارەکە دەبن.
- ئاوارەکان ئەوانەی لیژنەی مادەی 140یان تێپەڕاندووە.
- هاووڵاتیانی دانیشتووی کەرکووک کە بەپێی کۆبۆنی خۆراک دەسەلمێندرێت لەپێش ساڵی 2003ـەوە لە کەرکووک نیشتەجێ بوون.
بەپێی مادەکە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆزی یاسایی یان کارگێڕی بۆ دیاریکردنی داهاتووی پارێزگاکە نابێت، دەسەڵاتەکانیش بە "دادپەروەرانە" دابەشدەکرێت بەشێوەیەک سەرجەم پێکهاتەکان بەشداربن تێیدا بەبێ رەچاوکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ