دانیشتنى دادگەى فیدراڵى لە دژى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دواخرا

08-10-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دانیشتنى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى تانەى دژ بە پێنج مادەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ هەفتەیەکى دیکە دواخرا و ئەو بڕیارە "لەسەر داواى سکاڵاکاران" بووە.
 
رۆژی 8ى  تشرینى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق دانیشتنێکى دیکەى لەبارەى ئەو سکاڵایانەوە کرد کە لە دژى پێنج مادەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوون. بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەى ئاگادار لە دۆسیەکەوە دەستى کەوتووە، لە دانیشتنەکەى دادگەى فیدراڵى عێراق تیمى پارێزەرانى پەرلەمانى کوردستان وەڵامى خۆیان رادەستى دادگە کردووە، لەبارەى شێوازى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەر لە ساڵى 2004، دادگە بڕیاریداوە کە دانیشتنەکە بۆ 15ى تشرینى یەکەم دوابخات.
 
سکاڵاکان لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون و دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
بەپێى زانیارییەکان، دواخستنى دانیشتنەکە لەسەر داواى سکاڵاکاران بووە، بۆ ئەوەى ئەوانیش وەڵامى لیستى وەڵامەکەى پەرلەمانى کوردستان ئامادە بکەن. 
 
یەکى تشرینى یەکەمى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق داواى لە نوێنەرى یاسایی پەرلەمانى کوردستان کردبوو، وەڵامى پرسیارێکیان بدەنەوە کە بەر لە ساڵى 2004، شێوازى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چۆن کراوە.
 
پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2005، یەک هەڵبژاردن کرا کە لە ساڵى 1992 بوو. لەساڵى 2004 یاساکە هەموار کرا و مادەى نۆى لادرا کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمى کوردستان لە چەند ناوچەیەکى هەڵبژاردن پێکبێت، بە مەرجێک لە چوار ناوچە تێنەپەڕێت و کرایە یەک بازنەى هەڵبژاردن".
 
وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بەتۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو چوار ناوچەیە ماناى ئەوەى نییە هەڵبژاردنەکە فرە بازنەیی بێت و کاتێک هەموار کرایەوە، ئەو وشەیە کە لادراوە بۆ رێکخستنەوە لە رووى دەربڕینەوە بووە و هەڵبژاردنى ساڵى 1992 بەشێوەى یەک بازنەیی کراوە".
 
 بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە بە سەرپەرشتى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە