چوارچێوەی هاوئاهەنگی: رێککەوتووین لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و رایگەیاند، لەبارەی دەستنیشانکردنی بەربژێری نوێی سەرۆکوەزیران گفتوگۆیان کردووە و لەسەر دیاریکردنی "وادەیەکی دیاریکراو" بۆ تەواوکردنی رێکارەکان رێککەوتوون.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 8-12-2025، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی عەبدولحوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی، کۆبوونەوەی خولی ژمارە (253)ـی خۆی کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی چوارچێوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی خستووەتەڕوو و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگیی هەوڵەکان کردووەتەوە بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و پشتیوانیکردنی پێداویستییەکانی قۆناخەکە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆبوونەوەکە پێشوەچوونی گرنگی بەخۆوە بینیوە لە گفتوگۆی دیاریکردنی بەربژێری  سەرۆکوەزیرانی نوێ، ئامادەبووان گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە بەردەوامەکان لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکان و گفتوگۆکانی ناوخۆی چوارچێوەکە کرد، هەروەها رێککەوتن کراوە لەسەر وادەی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی یەکلاییکردنەوەی شایستەکان."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشوازی لەو هەنگاوانە کردووە کە کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان بەهێز دەکەن، بە شێوەیەک ببێتە هۆی یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکانی ئێستا و پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای وڵات.
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
 
رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستەى گشتى رەوتى حیکمە ئەمڕۆ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 9 بەربژێر لەبەردەست لیژنەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگی ماون بۆ ئەوەى بڕیار لەبارەى یەکێکیانەوە بدات.
 
 لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق 179 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە.
   
محەممەد بەیاتى، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى رێکخراوى بەدر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "راوێژى بەردەوام و رۆژانە لەنێوان سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى پرسى بەربژێری سەرۆکوەزیران هەیە و ئەو پرسە پێویستى بە سازانى نیشتمانییە".
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکى لیستى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا دیارترین بەربژێرانی بەردەست چوارچێوەى هاوئاهەنگین بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق.   
 
عەقیل فەتلاوى، گوتەبێژى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لە دواى پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە، ناوى بەربژێری سەرۆکوەزیران ئاشکرا دەکرێ، تەنانەت ئەگەر بەر لە پەسندکردنەش بەربژێرەکە یەکلایی بکرێتەوە." 
 
بەگوێرەی مادەی 54ی دەستووری عێراق، لەدوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆککۆمار لە 15 رۆژدا مەرسوومی کۆماری بۆ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەردەکات و تێیدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ، دواتر لە 3 رۆژدا سەرۆککۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێ و ئەویش بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێ.
 
دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن 7ى کانوونى یەکەم ئەنجامى سەرجەم تانەکانى لەبارەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى یەکلاییکردەوە و ئاڕاستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى کردەوە و کۆمیسیۆنیش ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی بۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق نارد بۆ پەسندکردنی.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە