رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەری هەندێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای دیالە مووچەی مانگی یەکیان بە لێبڕینەوە وەرگرتووە، ئەوەش بەهۆی کێشەی کەمیی پارەی نەختینەوە.
فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای دیالە، 8ی شوبات پارەی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026یان وەرگرتووە.
ئەو فەرمانگەیە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران بڕدراوە، بەهۆی کەمیی پارەی تەرخانکراوی مووچە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە؛ باس لەوەش دەکات، بەدواداچوون دەکەن بۆئەوەی لە ئاییندەدا ئەو پارە بۆ فەرمانبەرەکان بگەڕێندرێتەوە.
بەهۆی کێشەی نەختینەوە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم دواکەوت، ئەگەرچی مانگەکانی پێشتر دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵ لە 25ی هەموو مانگێک تەواو دەبوو.
جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو لێبڕینەی مووچە لە چەند فەرمانگەیەک کراوە، لەوانە شارەوانی و کشتوکاڵ کە نزیکەی 14%ی مووچەیان بڕدراوە کاتێک خراوەتە سەر ماستەرکارد و کەی کارتی فەرمانبەران."
عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە هەشت تریلیۆن دینارە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەری وەزارەتەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
فارس جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە رووداوی راگەیاند، ئەو لێبڕینەی مووچە پەیوەندارە بە وەزارەتەکانەوە، بەتایبەت وەزارەتی کشتوکاڵ و پەیوەندی بە ئیدارەی پارێزگای دیالەوە نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ