پارێزگارى نەینەوا ناوی دوو بەربژێرى یەکە کارگێڕییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەنجوومەن

09-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرى ناحیەى رەبیعە لە نەینەوا دەستبەکار بوو، بڕیارە هەفتەى داهاتوو بەڕێوەبەرى ناحیەى زومماریش دەستبەکار بێت. پارێزگاری نەینەوا تێببینی لەسەر سیڤیی دوو بەربژێری پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکە هەیە و داوای لە ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە، ئەو دوو بەربژێرە بگۆڕن.
 
پێنجشەممە 8ـی ئایارى 2025 فەواز جەزاع مشعان، وەک بەڕێوەبەرى ناحیەى رەبیعە لە نەینەوا دەستبەکار بوو، کە بەشێک بوو لەو 20 گۆڕانکارییە کارگێڕییانەى ساڵى 2024 ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگى لەسەردان. 
 
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە رووداوى راگەیاند: "دەستبەکاربوونى بەڕێوەبەرى ناحیەى رەبیعە دواى ئەوە بوو کە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا فەرمانى دەستبەکاربوونى بۆ دەرکرد، بڕیارە یەکشەممەى داهاتوو بەڕێوەبەرى ناحیەى زومماریش دەستبەکار بێت."
 
9ـی نیسان، پارێزگارى نەینەوا، دەستى بە دەرکردنى بڕیارى دەستبەکاربوونى ئەو کەسانە دەرکرد کە ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگى لەسەرداون. بڕیارەکە بە سەرۆکى حەوت یەکەى کارگێڕیى دەستیپێکرد.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا یەکى تەممووزى 2024، گۆڕانکاریی لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕیی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئاییندە کران.
 
محەممەد کاکەیی گوتى: "تاوەکو ئێستا سەرۆکى چوار یەکەى کارگێڕی ماون فەرمانى دەستبەکاربوونیان لەلایەن پارێزگارەوە بۆ دەربکرێت، کە قایمقامەکانى مەخموور و شنگال، بەڕێوەبەرانى ناحیەکانى باشیک و عەیازیەن، پارێزگار ناوى بەربژێرانى بەڕێوەبەرانى ناحیەى باشیک و عەیازیەى ناردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ ئەوەى بیانگۆڕن بە کەسانى دیکە، لەبەر ئەوەى مەرجى یاسایی خزمەتیان نەبووە".
 
لەسەر سکاڵاى ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل لە حەوتی نیسان لەلایەن دادگەوە بۆ لێکۆڵینەوە بانگکرا.
 
لێکۆڵینەوەکە لەبارەى دۆسیەى "رێگرى" لە جێبەجێکردنى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی تایبەت بە دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى نەینەوا بوو.
 
26ـی کانوونى یەکەمى 2024، دادگەى کارگێڕى سکاڵاى حەوت قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەى لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژى لادانیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگا، تۆماریان کردبوو. چواری ئاداری 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵی سکاڵایەکى پارێزگارى نەینەواى لە دژى ئەو گۆڕانکارییانە رەتکردەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە