کۆبوونەوەی پەرلەمان؛ پاشەکەوتی مووچە و مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان یەکلایی دەکرێتەوە

09-06-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دانیشتنە هەڵگیراوەکەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دەستپێدەکاتەوە و دوو پرسی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان کە گەڕاندنەوەی 10%ـی مانگانەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و مامەڵەکردنی راستەوخۆی بەغدایە لەگەڵ پارێزگاکان بۆ ناردنی بودجە هێشتا ناکۆکییان لەسەرە؛ یەکێتی پێداگری دەکات و پارتی دەڵێت: زیانی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە. 
 
شەوی رابردوو، دوای چەندین کاژێر گفتوگۆی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و هەوڵی دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان پێداگری کرد و زەنگی چوونەژوورەوەی پەرلەمانتاران لێدرا، 258 پەرلەمانتار ئامادەبوون و شەش ماددەی پڕۆژەیاسای بودجە پەسندکران. 
 
ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسندکران و لەنێو گفتوگۆ لەسەر ماددەی نۆ، دانیشتنەکە بۆ کاژێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی هەڵگیرا. پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت: هیچ گرەنتییەک نییە کە دانیشتنەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بەڵام "هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوەن ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە بکرێت."
 
دوایین رەشنووس ئێستا لەبەردەستی پەرلەمانتارانە، ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستانەوە و ناکۆکیی لەسەرە، بڕگەی تایبەت بە گەڕاندنەوەی 10%ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی بەغدایە لەگەڵ پارێزگاکان کە لە رەشنووسەکەدا ماونەتەوە. 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەبارەی دوایین هەڵوێستی پارتی و یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتی پێداگری لەسەر دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەکات، پارتیش دەڵێت: رازین بمێنێتەوە، بەڵام دەبێت بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت. 
 
 
لەسەر بڕگەی تایبەت بە مامەڵەکردنی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان، پەیامنێری رووداو گوتی: "پارتی بە هەموو شێوەیەک دژیەتی و دەڵێت، بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و زیانی گەورە بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت، یەکێتیش دەڵێت، 'نەخێر، دەبێت بمێنێتەوە'. بۆ یەکلاکردنەوەیشی، ئەمڕۆ لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە."
 
لەبەرئەوەی ئەو دوو بڕگەیە لە لیژنەی دارایی زیادکراون، ئەگەر دەنگی پێویست نەهێنن، لادەبرێن. 
 
ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادە دەبن، بەڵام بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی بڕگەکان هەیە و بەشێکیان لەوانەیە دەنگ بە کۆمەڵێک بڕگەی دیاریکراو نەدەن. 
 
لەنێو لایەنە شیعە و سوننەکانیش، دیاریکردنی بودجە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان و پرسی تەرخانکردنی بودجە بۆ حەشدی شەعبی، پرسی وانەبێژان و گرێبەستەکان ناکۆکییان لەسەرە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە