لە پەرلەمان چەند ماددەی پڕۆژەیاسای بودجە پەسندکران و باسی چی دەکەن؟

09-06-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمشەویدا شەش ماددەی لە پڕۆژەیاسای بودجە پەسند کرد و دانیشتنەکەی بۆ نیوەڕۆی رۆژی هەینی هەڵگرت بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر ماددەکانی دیکەی پڕۆژەیاساکە بدرێت.
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی گوت، لە دانیشتنی ئەمشەودا دەنگ بە ماددەکانی 1، 3، 5، 6، 7 و 8 درا و ماددەی 2 هەڵگیر، چونکە لە رووی زمانەوانییەوە کێشەی هەبوو، بۆیە سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دا کە پێداچوونەوە بۆ داڕشتنەوە زمانەوانیی ئەو ماددەیە بکرێت. هەروەها ماددەی چواریش لابراوە.
 
لەبارەی ماددەی یەکەمی پڕۆژەیاساکە کە تایبەتە بە نرخی دۆلار و نەوت؛ ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەنگی لەسەر درا و 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار جێگیر کرا.
 
ئەو ماددانەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کە پەسەند کران:
 
ماددەى یەک: تایبەتە بە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار و دیاریکردنى نرخى نەوت بە 70 دۆلار و پێشبینى بڕى نەوتى هەناردەکراو. 
 
ماددەى دوو: دواخرا کە تایبەت بوو بە خەرجییەکان 
 
ماددەى سێ: تایبەتە بە پاڵپشیى دارایی کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى و دەسەڵاتى وەزیرى دارایی بۆ ئەو کارە و پەسند کرا.
 
ماددەى چوار: لادرا کە تایبەتە بە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ گواستنەوە لە پارەى تەرخانکراو لە قەرزەکان و گۆڕینى ئەو لایەنەى کە سوودمەند دەبێت لە قەرزەکان.
 
ماددەى پێنج: تایبەتە بە دەسەڵاتى راستەوخۆى خەرجکردنى و رێگرى لە تێپەڕاندنى بڕى تەرخانکراو و، پەسند کرا.
 
ماددەى شەش: تایبەتە بە دەسەڵاتى گواستنەوەى بودجە و پەسند کرا.
 
ماددەى حەوت: تایبەتە بە دەسەڵاتى بەکارهێنانى یەدەگى بارى لەناکاو و پەسند کرا.
 
ماددەى هەشت: تایبەتە بە سنووردارکردنى داهات بۆ یەک ساڵ و تاوەکو کۆتایی 2023، پەسند کرا. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە