گوتەبێژی سوودانی بۆ رووداو: کاری گەورە بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکەین

09-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دووانیان بۆردومانکران، ئێستا عێراق تەنیا یەک راداری چاودێریی ئاسمانیی هەیە. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، وەزارەتی بەرگری کاری گەورەی بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەستپێکردووە.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان، وەزارەتی بەرگری هەنگاوی جیدی و کاری گەورەی دەستپێکردووە بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق گوتیشی، "پلانەکە ئەوەیە بەرگریی ئاسمانیی وڵات بە تەکنەلۆژیا و کەرەستەی سەربازی و تەکنیکی پێشکەوتوو بەهێز بکرێت."
 
24ی مانگی رابردوو، بە درۆن و مووشەک کە سەرچاوەکەیان نەناسراو بوو، هێرشکرایە سەر هەردوو سیستمی راداری ئاسمانی لە بەغدا و ناسرییە. محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی کرد، لێکۆڵینەوەیەکی هەواڵگری و ورد بکرێت بۆ زانینی هۆکار و سەرچاوە و کاریگەرییەکانی ئەو هێرشە.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ زانیاری و بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوەیان لەسەر ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستنەکەوتووە.
 
سەربازگەى تاجى دەکەوێتە سنوورى بەغدا و 27 کیلۆمەتر لە باکوورى ئەو شارەوە دوورە، سیستمی راداری ئەمریکی تێدایە و سەر بە سوپاى عێراقە. بنکەی ئیمام عەلیش کە دەکەوێتە شاری ناسرییە، راداری ئەمریکی لە جۆری AN/TPS-77ـی تێدایە.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە رووداوی گوت: "لە کۆی سێ راداری چاودێری ئاسمانی، دووانیان لێیان درا و لەکارخران؛ بۆیە ئێستا تەنیا راداری بەشی رۆژئاوا کار دەکات و بەو تەنیا رادارەش ناتوانرێت ئاسمانی وڵات چاودێری بکرێت."
 
رۆژی یەکی ئەم مانگەش، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: "سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشکەوتوو و گونجاومان نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە