رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەیاندنی عێراق رایگەیاند بۆ "رێگری لە تێکدانی لە سەقامگیری خێزانی و کۆمەڵایەتی" و "پاراستنی کۆمەڵگە و خێزانی عێراقی"، بڕیاری قەدەخەکردنی یاریی ئەلیکترۆنیی لودۆیان داوە. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا یارییەکە لە هەرێمی کوردستاندا باو نییە بۆ ئەوەی پێویست بکات قەدەخە بکرێت.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی بە وەزیری گەیاندن دراوە و لەپێناو جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیاردراوە بە قەدەخەکردنی یاریی لودۆ؛ "ئەمەش بۆ پاراستنی خێزانی عێراقی لە مەترسییە روو لە زیادبوونەکانی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر شیرازەی کۆمەڵایەتی."
بەرپرسێکی وەزارەتی گەیاندنی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی گوت، "ئەو یارییە بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە و ناکۆکی لەنێو زۆر لە خێزانەکان و هاوسەرەکان دا و چەندین سکاڵا تۆمارکراون، هەروەها گرەوی زۆری تێدا دەکرێت."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گەیاندن گوتیشی، "بڕیاری قەدەخەکردنەکە دوای چاودێری و بەدواداچوونێکی زۆر هات لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە، یارییەکە ژووری تایبەتی چاتکردنی تێدایە و ئەوەش زەمینەی خۆش کردبوو بۆ قۆستنەوەی گەنجان بۆ کاری سێکسی و هەڕەشەکردن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی تایبەتی کەسەکان."
هاوکات، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا یارییەکە لە هەرێمی کوردستاندا باو نییە، بۆ ئەوەی رێکاری بەرامبەر بگیرێتەبەر.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دڵنیایی دا، "ئەگەر رای گشتی لەسەر هەر بابەتێک بێتە دەنگ کە دژ بە کۆمەڵگە و خێزان بێت و زیانی هەبێت، ئێمە دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکردن، لەپاکێجی خێزانیدا جێگەی دەکەینەوە و سانسۆری دەکەین."
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر و 19ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دا، وەزارەتی گەیاندنی عێراق بڕیاری قەدەخەکردنی یاری رۆبلۆکسی دەرکرد.
قەدەخەکردنی ئەو یارییانە بەپشتبەستنە بە یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2013 کە هاوردەکردن، بەرهەمهێنان، مامەڵەکردن و فرۆشتنی ئەو یارییانەی کە هاندەرن بۆ تووندوتیژی و ئەو یارییە ئاگرینانەی هەڕەشە لە ئاسایش دەکەن، قەدەخە کردووە.
بە گوێرەی ئەو یاسایە، هەر کەسێک هاوردە یان بەرهەمهێنان، یان مامەڵە و فرۆشتن بەو یارییانە بکات، کە هاندەرن بۆ تووندوتیژی یان یارییە ئاگرینە مەترسیدارەکان، سزای بەندکردن بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ یان پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری عێراقی بەسەردا دەسەپێنرێت.
لودۆ (Ludo) : یارییەکی ستراتیژیی تەختەیە (Board Game)، یارییەکە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ یارییەکی هیندی بە ناوی پاچیسی (Pachisi) کە مێژووەکەی بۆ سەدەی شەشەمی زایینی دەگەڕێتەوە. دواتر لە ساڵی 1896 لە بەریتانیا پەرەی پێدراوە و بەم شێوەیەی ئێستا بڵاوبووەتەوە.
لودۆی ئەلیکترۆنی: ئەو لودۆیەی کە ئێستا لە عێراق و ناوچەکەدا مشتومڕی لەسەرە، وەشانە تەقلیدییە کارتۆنییەکە نییە، بەڵکو ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایلە وەک Yalla Ludo یان Ludo Star، لەو یارییەدا بەکارهێنەران دەتوانن بە نامە و دەنگ پێکەوە قسە بکەن، هەروەها سیستمی "کۆین" و "ئەڵماس"ی تێدایە، کە بە پارەی راستەقینە دەکڕدرێن و لەڕێگەیەوە گرەو لەسەر یارییەکە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ