رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە دەرفەتێکی نوێ دەداتە ئەو کەسانەی پێشتر لە ریزەکانی رەوتەکەی جیابوونەتەوە و چوونەتە نێو گرووپە چەکدارەکان. دەشڵێت، "دەرگای ئال سەدر بەڕووی ئەوانەدا کراوەیە کە پەشیمانن."
نووسینگەی تایبەتیی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەمڕۆ شەممە 10-01-2026 دەقی وەڵامێکی دەستنووسی سەدری بۆ نامەی کۆمەڵێک لە لایەنگرانی لە شاری بەغدا بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، گرووپێک لە بەری کەرخی بەغدا کە پێشتر سەر بە رەوتەکە بوون، نامەیەکیان ئاراستەی سەدر کردووە و تێیدا نووسیویانە، "ئێمە کۆمەڵێک لە رۆڵەکانی جەنابتانین، پێشتر پەیوەندیمان بە هەندێک گرووپی چەکدارەوە کردبوو، بەڵام ئێستا پەشیمان بووینەتەوە و دەمانەوێت بگەڕێینەوە نێو ریزەکان، ئەگەر دەرفەتمان پێ بدرێت."
لە وەڵامدا موقتەدا سەدر رەزامەندیی دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە کە دەرگای "بنەماڵەی سەدر" هێشتا بەڕووی ئەو کەسانەدا کراوەیە کە "پەشیمانن و دەگەڕێنەوە."
سەدر مەرجی بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانە داناوە و دەڵێت، گەڕانەوەیان دەبێت بە مەرجی "پابەندبوونی تەواو بێت بەو رێبازە سیاسی و ئایینییەی بۆ پڕۆژەی رەوتەکە دیاری کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ