رووداو دیجیتاڵ
عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم جەنگێکی بێدەنگدان: جەنگی ماددە هۆشبەرەکان. راپۆرتێکی نێودەوڵەتی کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، دەڵێت، عێراق بووەتە بازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی هەندێک لە مەترسیدارترین ماددە هۆشبەرەکان.
راپۆرتەکە زۆر تێروتەسەلە و نزیکەی 150 لاپەڕە دەبێت کە لەلایەن رێکخراوی بۆردی کۆنترۆڵی مادەی هۆشبەری نێودەوڵەتی بڵاویکردووەتەوە کە رێکخراوێکی سەربەخۆیی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکانە.
رێکخراوەکە بەتایبەتی باس لە دوو ماددە دەکات کە ساڵی پار گەشتووەتە عێراق، کێپتاگۆنی سووری و مێسامفێدەمین یاخود کریستاڵی ئەفغانی.
راپۆرتەکە لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە بارەگای ڤیەننای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خرایەڕوو.
سێڤیل ئاتاسۆی، سەرۆکی بۆردی نێودەوڵەتیی چاودێریی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، "راپۆرتەکە پێداچوونەوە بە دۆخی جیهانیی کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکاندا دەکات و کۆمەڵێک راسپاردەش پێشکەشی حکومەتەکان دەکات."
راپۆرتەکە دەڵێت، ساڵی رابردوو، عێراق دەستی بەسەر هەزاران کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، عێراق بووەتە "رێرەوێکی ترانزێتیش بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەری دەستکرد بۆ وڵاتانی کەنداو."
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، "دەزانین کە پرسی ماددە هۆشبەرەکان، بەتایبەتی کێپتاگۆن، کێشەیەکی گەورە بووە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پێم وایە بینیمان کە هەوڵ لەلایەن حکومەتەکانی ناوچەکەوە دراوە، بەتایبەت حکومەتی نوێی سووریا بۆ سەرکوتکردنی بازرگانی کێپتاگۆن."
لەکاتێکدا زۆرجار ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە دەگاتە عێراق، ئەو راپۆرتە دەڵێت، بڕوا وایە هەزاران حەپی کێپتاگۆنی سووری لە رێگەی تورکیاوە گەیشتبنە عێراق.
مانگی شوباتی 2025 وەکو نموونە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، دەست بەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن حەپدا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ