رووداو دیجیتاڵ
روانگەی عێراقی سەوز هۆشداری دەدات؛ ئەو بارانەی لە ناوچە پیسبووەکانی وەکو بەغدا و بەسرە دەبارێت "هاوشێوەی بارانی ترشەڵۆکییە" و دەڵێت: "نەک سوودی نییە، بەڵکو زۆریش ترسناکە."
عومەر عەبدولـلەتیف، سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز، رۆژی شەممە (10-01-2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بارانەکەی دوێنێی بەغدا بەهۆی رێژەی بەرزی پیسبوونی هەواوە "زۆر خراپ" بووە.
"بارانەکە ترشەڵۆکییە"
سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز گوتی: "ئەو بارانەی لە ناوچەکانی عێراق دەبارێت، بەتایبەتی لە ناوچە پیسبووەکان و دیارترینیان بەغدا و بەسرە، بارانێکی زۆر مەترسیدارە و هاوشێوەی بارانی ترشەڵۆکییە."
بە گوتەی عومەر عەبدولـلەتیف، ئەم جۆرە بارانە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تێکدانی خاک، باڵەخانەکان و ژیانی هاووڵاتییان دەبێت.
بارانی ترشەڵۆکی بەهۆی کارلێکی گازەکانی وەک دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین لە بەرگەهەوادا دروست دەبێت، کە پلەی ترشێتیی (PH) کەمترە لە 5.6.
سەبارەت بە هۆکارەکان، عومەر عەبدولـلەتیف باسی لەوە کرد کە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر کارگەی پیشەسازی و دەرمان هەن، جگە لە بوونی هەزاران ئۆتۆمبێل کە هۆکاری بەردەوامیی پیسبوونی ژینگەن لە بەغدا.
روانگەکە هۆشداری دەدات لەوەی "ئەگەری هەیە ئەو پیسبوونە لەگەڵ باراندا بێتە خوارەوە و بچێتە نێو ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن و دواتر هاووڵاتییان دەیخۆن."
بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی عێراقی سەوز، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان)، بەرزترین رێژەی گازی دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لە پارێزگای کەرکووک تۆمارکراون. هۆکارەکەشی چوار کێڵگەی سەرەکیی نەوتە لەو شارە کە لەگەڵ دەرهێنانی نەوت، گازی هاوەڵ دەسووتێنن.
لە ساڵی 2024ـدا، بڕی ئەو گازەی لە کێڵگەکانی نەوت و پاڵاوگەکان لەسەر ئاستی عێراق سووتاوە، زیاتر لە 12 ملیار مەتر سێجا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ