پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کۆدەبێتەوە

10-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەسەر واژۆی زیاتر لە 100 پەرلەمانتاری لایەنە شیعەکان، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. کورد و زۆرینەی سوننەکان واژۆی پشتیوانییان بۆ کۆبوونەوەکە نەکردووە. ئەندامێکی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەگەر پەرلەمان بیەوێت حکومەت ناچار بکات ویستی پەرلەمان جێبەجێ بکات، نابێت لە شێوەی بڕیاردا کە دەبێتە راسپاردە داواکەی بکات و دەبێت لەشێوەی یاسادا داواکەی بگەیێنێتە حکومەت".
 
واژۆکان لەلایەن پەرلەمانتارانی لایەنە شیعەکان و "بەشێکی زۆر کەمی سوننەکان"ـەوە کۆکراونەتەوە. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 10-2-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ لایەنێکی کوردستانی پشتیوانی داوای کردنە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی نەکردووە. زۆرینەی سوننەکانیش بەهەمان شێوەی کورد پشتیوانی وەها بڕیارێک ناکەن".
 
موسەننا ئەمین گوتی، هۆکاری پشتیوانی نەکردنی کورد و زۆرینەی سوننەکان لە وەها بڕیارێک، نەبوونی هاوسەنگیی هێز و متمانەیە بەو هێزانەی ئێستا لە عێراق هەن.
 
بۆ کۆبوونەوەکە هیچ پڕۆژەیاسایەک پێشکێش نەکراوە. موسەننا ئەمین دەڵێت، کۆبوونەوەکە بیروڕا گۆڕینەوەیە لەبارەی پرسەکە کە "دەرکردنی هاوپەیمانانە لە عێراق". گوتیشی، "هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەگوێرەی رێککەوتنێکی ستراتیژیی هەردوو وڵاتە، بۆ هەر رێککەوتننامەیەک سروشتی ئەمنی و سەربازیی هەبێت بۆ دروستکردن و هەڵوەشاندنەوەشی ئەگەر بڕیارێکی لە پەرلەمان بۆ بدرێت دوو لەسەر سێی دەنگی دەوێت".
 
ئەگەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارێکیش بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامان بدرێت، دەبێت ئاراستەی حکومەتی عێراق بکرێت. موسەننا ئەمین گوتی، "بەپێی جیاکردنەوەی پرەنسیپی دەسەڵاتەکان لە سیستمی دیموکراسیدا، پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری، بەپێی ئەو بنەمایە بێت، ئەو بڕیارانەی کە پەرلەمان دەیدات و سروشتی جێبەجێکردنی هەیە بۆ حکومەت دەبنە راسپاردە نەوەکو بڕیاری ناچارکردن، پەرلەمان بیەوێت حکومەت ناچار بکات ویستی پەرلەمان جێبەجێ بکات، نابێت لە شێوەی بڕیارێکدا بێت و دەبێت لە شێوەی یاسادا بێت، ئەوەش یان یاسایەکی تایبەت، یان یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتننامەیەی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە".
 
چوار ساڵ لەمەوبەر لە بڕیارێکی هاوشێوەدا پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی پەسند کرد، بەڵام بڕیارەکە تاوەکو ئەمڕۆش جێبەجێ نەکراوە. 
 
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند ئامانجێکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دێت، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی 28-1-2024 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو گرووپێک سەربازی ئەمریکی لە ئوردن کردە ئامانج و سێ سەربازیانی کوشت و 41ـی دیکەی بریندارکرد.
 
وەک وەڵامی ئەوە، شەوی 2ـی ئەم مانگە دوای هێرشێکی چڕ بۆسەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئەنبار لە عێراق و پارێزگای دێرەزوور لە سووریا، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون."
 
شەوی چوارشەممە، 7-2-2024یش ئەمریکا بە درۆن ئۆتۆمبێلی ئەبو باقر ساعیدی کردە ئامانج و کوشتی. ئەمریکا دواتر رایگەیاند، "ئەبو باقر لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا بەرپرسی پلاندانانی راستەوخۆ بووە و بەشداری لە هێرشەکان کردووە". ئەو باقر ساعیدی فەرماندەیەکی دیاری کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە