رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی عێراق رێنمایی بۆ ئاگاداربوونەوەی پێشوەختە لە گڕگرتنی ئۆتۆمبێلی هایبرێد و هۆکارەکانی بڵاودەکاتەوە، بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ئەگەری گڕگرتنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لە جۆرەکانی دیکە زیاترە و ئەگەر گڕ بگرێت، بە ئاگرکوژێنەوەی نێو ئۆتۆمبێل ناکوژێتەوە.
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکاری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بڵاوکردنەوەی ئەو رێنماییانەیان بەهۆی زیادبوونی ئۆتۆمبێلی هایبرێد بووە لە پارێزگاکانی عێراق، ئەوەش بۆ رێگرییە لە ئاگرکەوتنەوە و روونکردنەوەی نیشانەکانی ئەگەری گڕگرتنى، ئەوە جگە لەوەی بەکارهێنانی پاتریی جۆری لیسیۆم کە ئەگەری گڕگرتنى زیاتر دەکات.
نیشانەکانی پێش گڕگرتنی ئۆتۆمبێلی هایبرێد لەو رێنماییانەدا دیاریکراون کە بریتین لە، هەستکردن بە گەرمییەکی نائاسایی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا، خاوبوونەوەی لەناکاوی ئۆتۆمبێلەکە، دابەزینی خێرای شەحنەکەی، بیستنی دەنگی تەقەتەق یان زیکەزیک و فشەفش، بۆنکردنی لاستیکی سووتاو، ئاگادارکردنەوە لەسەر شاشەی ئۆتۆمبێلەکە سەبارەت بە بوونی کێشە لە پاترییەکەیدا.
بەگوتەی نەواس سەباح شاکر، ئەگەری گڕگرتنی ئۆتۆمبێلی هایبرێد لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە زیاترە، کە تەنیا بە بەنزین یان تەواو بە کارەبا کار دەکەن. لە رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراقدا، هۆکارەکانی کارلێکی زیاتری ئاگرکەوتنەوەی ئۆتۆمبێلی هایبرێد روون کراوەتەوە، کە بریتین لە بوونی تانکی بەنزین، بزوێنەر، پاتری لیسیۆم، مۆلیدەی کارەبایی و کێبڵ، کە ئەگەری روودانی کێشەی کارەبایی و پریشکدانی ئاگرین زیاتر دەکات.
هاوئاهەنگیکاری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی هایبرێد گڕ بگرێت ناتوانرێت لە رێگەی ئاگرکوژێنەوەی نێو ئۆتۆمبێلەکەوە بکوژێنرێتەوە و پێویستی بە تیمی بەرگریی شارستانییە بۆ کوژاندنەوەی؛ چونکە ئەگەرێکی زۆر هەیە لە کاتی گڕگرتندا بەهۆی بوونی پاتری لیسیۆمەوە کارلێکی کیمیایی رووبدات.
لە رێنماییەکانی کاتی سووتانی ئۆتۆمبێلی هایبرێددا هاتووە، کە پێویستە دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەکە رابگیرێت و ئەو کەسانەی تێیدان بچنە دەرەوە و لێی دوور بکەونەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیش کە دەچن بۆ کوژاندنەوەی، پێویستە بە گۆشەی 45 پلە لە سوچێکی ئۆتۆمبێلەکە بوەستن، نەوەک بەهۆی کێشەی کارەباییەوە ئۆتۆمبێلەکە بۆ پێشەوە یان دواوە بجوڵێت.
نەواس سەباح شاکر گوتی: "بەرگریی شارستانیی عێراق سەرقاڵی مەشقپێکردنە بە تیمێکی تایبەت بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەی لە ئۆتۆمبێلی هایبرێد دەکەوێتەوە".
بەرگریی شارستانیی عێراق چوار هۆکاری دیاریکردووە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی هایبرێد گڕ بگرێت، کە بریتین لە: بەریەککەوتنی راستەوخۆ کە کار لە پاترییەکەى بکات، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، پاترییەکە زیاد لە تواناى خۆی شەحن بکرێتەوە و کێشە لە کاتی دروستکردنیدا.
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی عێراق، ساڵی 2025 یەک رووداوی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلی هایبرێد لە بەغدا تۆمارکراوە و لە رێگەی تیمەکانیانەوە کوژێنراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ