رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، دوای یەک ساڵ لە کاری چڕی هەواڵگری، توانیویانە "گرووپێکی تیرۆریستیی ئاڵۆز" لە پارێزگای ئەنبار هەڵوەشێننەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، والیی ئەنباری داعشیان لە کاتێکدا دەستگیر کردووە، کە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2026 رایگەیاند، هێزەکانیان لە ناوچەی (پێنج کیلۆ) لە سنووری شاری رومادی لە پارێزگای ئەنبار "تیرۆریستێکی مەترسیدار"یان بە ناوی ئەبو ئەیمەن راوی دەستگیرکرد، کە پۆستی "والیی ئەنبار"ی هەبوو و لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەیویست "بە پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوەوە پلانێکی تیرۆریستی جێبەجێ بکات."
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، لێکۆڵینەوەکان بوونەهۆی دەستگیرکردنی "پێنج تیرۆریستی دیکە لەنێویاندا ئەبو جیسە؛ غائیب عەواد، بەرپرسی گواستنەوە و پاڵپشتیی لۆجیستی؛ قوسەی شەعلان، بەرپرسی دابینکردن و دروستکردنی درۆنی بۆمبڕێژکراو و بەڕێوەبردنی دۆسیەی کیمیاوی لەنێو رێکخراوی داعش."
ئەرشەد حاکم باس لەوە دەکات، هەروەها لە بیابانی رووتبەی پارێزگاکەش دەستیان بەسەر کۆگایەکی گەورەی چەک و تەقەمەنی دا گرتووە.
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باسی لەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنێکی دیکەیان لە هەمان پارێزگا ئەنجام داوە و تێیدا ئەبو حوسێن فەهداوی، بەرپرسی ئەمنیی ئەنبار دوو کەسی دیکەی هاوەڵی خۆیان تەقاندوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ