دادگەیەکی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چالاکڤانێکی دیاری ئێزدی دەرکرد

11-04-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکی پارێزگای نەینەوا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ موراد ئیسماعیل، چالاکڤانی ناسراوی ئێزدی، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن" بە وەزیری کۆچ و کۆچبەران دەرکردووە. موراد ئیسماعیل رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە پاڵنەری سیاسیی لەپشتەوەیە. 
 
دادگەیەکی مووسڵ، لە 24ی ئادار فەرمانی دەستگیرکردنی لەسەر بنەمای سکاڵایەک دەرکرد کە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە تۆمارکرابوو. وەزارەتەکە موراد ئیسماعیلی، بە "سووکایەتیکردن" بە سکاڵاکار تۆمەتبار کردووە.
 
ئیسماعیل خەڵکی شنگالە و لە ئەمریکا نیشتەجێیە، بە رووداوی راگەیاند، پێش دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە؛ هیچ بانگهێشتێکی دادگەی پێنەگەیشتبوو تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات. 
 
ئەو ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمە پێشێلکردنی رێکارە کارپێکراوەکانە، کە بەگشتی لانیکەم دوو هەنگاوی زیاتر لەخۆدەگرێت: ئاگادارکردنەوەی تاکەکەس لەبارەی کەیسەکە و داواکردن لە ئامادەبوونی بە شێوەی کەسی.
 
ئەو ئاماژەی بەوەکرد کە "سەرسام بووم بەم هەنگاوەی دادوەری. لە کاتێکدا کە چەندین جار ناکۆکیم لەگەڵ وەزارەت و خودی وەزیر [ئیڤان فایەق جابرۆ] هەبووە لەبارەی شکستیان لە دۆسیەی ئاوارە ناوخۆییەکانی ئێزدی و لێدوانم لەم بارەیەوە داوە، بەڵام سنووری رەخنەی پیشەییم تێنەپەڕاندووە."
 
"پێموایە ئەمە لەلایەکەوە پاڵنەری سیاسی لەپشتەوەیە و، لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی رەخنەگران کە وەک من دەیان کێشەی ئەم وەزارەتە ئاشکرا دەکەن. بە شێوەیەکی نافەرمی بیستوومە کە کەسانی دیکەش کراونەتە ئامانج، بەڵام دڵنیا نیم لەوە."
 
رووداو پەیوەندی بە وەزارەتی فیدراڵییەوە کرد، بەڵام هێشتا وەڵامی وەرنەگرتووەتەوە.
 
چەند کاژێرێک دوای ئەوەی ئیسماعیل لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هەواڵی فەرمانەکەی بڵاوکردەوە، حکومەتی عێراقی لە پۆستێکدا لە فەیسبووک رایگەیاند، سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی، رەزامەندی لەسەر داواکارییەکەی دەربڕیوە بۆ بەخشینی ژنانی ئێزدی لە مەرجەکانی تەمەن و پلە بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا.
 
"ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت لە پشتگیریکردنی خوێندنیان و تێکەڵکردنیان لە کۆمەڵگەدا."
 
ئیسماعیل هاودامەزرێنەر و سەرۆکی ئەکادیمیای شنگالە، کە خۆی وەک رێکخراوێکی ناحکومی و دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ئەمریکی پێناسە دەکات کە ئامانجی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی خوێندنی باڵایە بۆ ئێزدییەکان.
 
رێکخراوی فری یەزیدی فاوندەیش (FYF)یش، کە رێکخراوێکی دیکەی ئێزدییە کە خوێندن و پشتگیری دیکە بۆ رزگاربووانی ئێزدی لە تاوانکارییەکانی داعش دابین دەکات، سەرکۆنەی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی کرد و، ئەو وەزارەتەی بە "یەکێک لە خراپترین وەزارەتەکان" لە دوای ساڵی 2003 تۆمەتبار کرد.
 
رێکخراوەکە دەڵێت: لەبری یارمەتیدانی ئاوارە ناوخۆییەکان، ئەوان پرۆسەکەیان بە سیاسی کردووە. وەزارەتەکە دەبێت سکاڵا دژی هەموو چالاکڤانێکی ئێزدی بکات، چونکە ئێمە هەرگیز رێگە نادەین ئەمە بەردەوام بێت.
 
لە هێرشەکەی بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، چەکدارانی داعش 6,417 ژن و منداڵی ئێزدییان رفاند، کە زۆربەیان دووچاری کۆیلایەتی سێکسی و کاری زۆرەملێ بوونەوە. هەرچەندە گرووپەکە لە رووی هەرێمییەوە لە عێراق لە ساڵی 2017 و لە سووریا لە ساڵی 2019 شکستی هێنا، بەڵام هێشتا مەترسی ئەمنی دروست دەکات.
 
هەزاران کوردی ئێزدی هێشتا لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن. نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە شنگال هانی نەداون بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان.
 
ئیسماعیل پێیوایە کە فەرمانی دەستگیرکردنەکە رووداوێکی نامۆ نییە. "وەزیر و ئەوانەی پشتگیریی دەکەن هەوڵیان داوە دەست بەسەر دۆسیەی ئێزدییەکاندا بگرن لە حکومەتی عێراق و تا رادەیەک سەرکەوتوو بوون."
 
ئەو ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک کەس پێیان گوتووە کە ئەو کراوەتە ئامانج وەک "هەنگاوێکی پێشوەخت" بۆ رێگریکردن لەوەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی داهاتوودا بەربژێر بێت، کە بڕیارە لە 11ی نۆڤەمبەر بەڕێوەبچێت.
 
چالاکڤانەکە ترسی لەوە هەیە کە کردارەکانی وەزارەتەکە ژیانی بخاتە مەترسییەوە، تەنانەت ئەگەر دەستگیر نەکرێت. ئەو روونیکردەوە کە "بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە شنگال و عێراق بەگشتی ناسەقامگیرە و، دەتوانرێت بەناوی دادگەوە کەسێک بخرێتە مەترسیی راستەقینەوە، بەتایبەتی کاتێک رەخنەگران لەژێر گوشاردان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە