رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، کێشە و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ رەوتی سەدر "لە پێناو نیشتمانە" و ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی لە میدیاکان دەخرێنەڕوو لە خانەی "دەمەقاڵەی سیاسیین" و روونیکردەوە، ناکۆکییەکان کەسیی نین و ئامادەن لەگەڵ موقتەدا سەدر-ی رێبەری رەوتی سەدر ئاشت ببنەوە.
عەباس مالیکی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداو-ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەئارامی بەڕێوەدەچێت و بە دڵی هەموو لایەنێکە. باسی لەوەشکرد، زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لە هەوڵی قایلکردنی هاووڵاتیاندان بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و گوتی "هاووڵاتییان لە دەستەبژێری سیاسیی ناڕازین و گلەییان لە دەسەڵات هەیە، بۆیە هەنگاوی یەکەمی لایەنەکان هەوڵدانە بۆ رازیکردنی دەنگدەران بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فراوان بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن".
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا روونیکردەوە "هەردوو خولی سەرۆکایەتیی نووری مالیکی پڕبوون لە شانازیی و دەستکەوتی زۆر بۆ هاووڵاتییان. هەرئەوەندە بەسە، دوای دەسەڵاتی مالیکی لە دوای 2014ـەوە بینیمان زنجیرەیەک شکستی زۆر گەورە رووبەڕووی وڵات بووەوە و دەوڵەتی عێراق کەوتە دۆخێکەوە شکۆی لەدەستداوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەمڕۆ لە خاکی عێراقدا چەندین بنکەی سەربازیی سوپای تورکیا و هێزە بیانییەکان هەن، بەبێ ئەوەی رێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرن، چالاکیی سەربازی دەکات. دەوڵەتی یاسا بەردەوام پێداگریی لەبارەی ئەم بابەتەوە دەکات".
سەبارەت بە پێشبینییەکانیشیان بۆ ژمارەی کورسییەکانیان لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەر، عەباس مالیکی گوتی: "چانسی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی کورسی زۆرمان هەیە، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور. بەهۆی ئەوەی دەزانن دەوڵەتی یاسا باشترینە بۆ پاراستنی شکۆی دەوڵەتی عێراق و ئەزموونی لە دەسەڵاتدارێتی".
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رەوتی سەدر و رێبەرەکەی موقتەدا سەدر، ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: "ناکۆکی و ململانێی نێوان لایەنەکان بەشێکە لە نەریتی پرۆسەی سیاسیی عێراق. دەوڵەتی یاسا لەمە تێدەگات کە بۆچی بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر مالیکی. لەگەڵ ئەمەشدا ئەو هێرشانەی لەلایەن پەرلەمانتاران و ئەندامانی رەوتی سەدر بە هەند وەرناگرین، هێندەی ئەوەی هەڵوێستی فەرمیی کەسی موقتەدا سەدر بەلامانەوە گرنگە".
جەختی لەوەشکردەوە، نووری مالیکی ئامادەیە دەستپێشخەری بکات بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر و ئامادەین لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و پەیوەندییەکانمان لەسەر بنچینەی لێکگەیشتنی هاوبەش بونیات بنێینەوە. چونکە کێشە و ناکۆکییەکانی ئەم دوو سەرکردەیە کەسیی نەبوو، لەپێناو نیشتمان بووە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی دەوڵەتی یاسا و پارتی دیموکراتی کوردستان، عەباس مالیکی گوتی: "وەک نووری مالیکی خۆی گوتی، پەیوەندییەکی مێژوویی کۆماندەکاتەوە. مالیکی بەمشێوەیە لە زۆربەی بۆنەکاندا جەختی لەسەر ئەم پەیوەندییە کردووەتەوە. ئێمە و کورد دەیان ساڵ ستەممان لێکراوە و رووبەڕووی ستەمکاران بووینەتەوە و خاڵی هاوبەشمان زۆرن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ