رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق لە هەوڵی جێبەجێکردنی داواکارییەکانە بۆ ئەوەی سزا ئەورووپییەکانی سەر هێڵی ئاسمانی هەڵبگیرێن. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێ، دیار نییە کەی هەموو رێکار و هەنگاوەکان تەواو دەبن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2025، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سزا ئەورووپییەکان بۆ سەر هێڵی ئاسمانیی عێراق خۆکارانە نوێ دەبنەوە، چونکە ئێمە دوو قۆناخی چاکسازیمان هەیە کە دەبێت تەواویان بکەین، ئەوکات سزاکان هەڵدەگیرێن."
تەواوکردنی ئەو قۆناخانە مەرجی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ هەڵگرتنی سزاکان.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی: "قۆناخی یەکەم کە پێی دەگوترێت (ئای ئۆ ئێس ئەی) توانیومانە 81٪ی کارەکانی تەواو بکەین."
IOSA کە کورتکراوەی (IATA Operational Safety Audit) یە و بە کوردی دەبێتە "پشکنینی سەلامەتیی کارپێکردنی یاتا" و ئەم جۆرە پشکنینە گرنگترین و باوەڕپێکراوترین سیستمی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتییە لە جیهاندا بۆ پشکنینی کارگێڕی و سیستمی کۆنترۆڵکردنی کارپێکردنی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی.
هەر کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی بیەوێ ببێتە ئەندام لە رێکخراوی IATA، دەبێت بڕوانامەی IOSA بەدەستبهێنێت و 2 ساڵ جارێک نوێی بکاتەوە. بوونی بڕوانامەی IOSAی دڵنیایی زیاتر بە گەشتیاران دەدات کە بەو هێڵە ئاسمانییە گەشت بکەن.
بە گوتەی مەیسەم سافی: "دوای ئەوە دەگەینە قۆناخی کۆتایی کە وەرگرتنی بڕوانامەی تی سی ئۆیە، ئەوکات سزاکان لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراق هەڵدەگیرێن، بەڵام دیار نییە کەی ئەو دوو قۆناخە تەواو دەبن."
مانگی 12ـی 2015، یهكێتیی ئهورووپا هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی خستە لیستی رهشی فڕۆكهوانیی جیهانییەوە، ئەوەش بههۆی پابهندنهبوونی به مهرجهكانی سهلامهتیی فڕۆكهوانییەوە.
یهكێتیی ئهورووپا سەرەتای مانگی 11ی ئەم ساڵ سزاکەی بۆ شەش مانگی دیکە درێژکردەوە.
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە؛ هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ